ڕزگار نوری: لە کەرکووک خەڵک بە لێشاو ڕوو لەپارتی دەکەن
__2023_12_05_h15m23s10__ER.jpg)
کەرکووک_KDP.info_ ئەندامێکی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گوتی: بەهۆی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک کورد و عەرەب و تورکمانی دڵخۆش کردووە و ئێستا هەست دەکرێت کورد بۆ شارەکە گەڕاوەتەوە و سەقامگیریش باڵی بەسەر شارەکەدا کێشاوە، بۆیە خەڵکی بێلایەن و لە لایەنەکانی دیکەشەوە بە لێشاو ڕوو لەپارتی دەکەن و پشتگیری خۆیانی بۆ دووپات دەکەنەوە.
ڕزگار نوری، ئەندامی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای کردنەوەی بارەگای لقی سێ و ئەنجامدانی کەرنەڤاڵێکی گەورە خەڵک بە لێشاو ڕوو لە بارەگای پارتی دەکەن، نەک تەنها ئەندام و لایەنگرانی پارتی بگرە خەڵکی بێلایەن و لایەنەکانی دیکەش دێنە بارەگای پارتی و پشتگیری خۆیان بۆ لیستی پارتی دووپات دەکەنەوە و بەڵێن دەدەن دەنگ بە لیستی 197ی پارتی بدەن، خەڵک گەڕانەوەی پارتی بە گەڕانەوەی کورد دەزانن بۆ کەرکووک، چونکە پارتی بەهۆی فرۆشتنی کەرکووک ئەو شارەی چۆڵکردووە ماوەی چەند ساڵێکە، بۆیە بە گەڕانەوەی پارتی نەک تەنها کورد بگرە عەرەب و تورکمانیش دێن پشتگیری لە پارتی دەکەن، هەندێک لایەن بەو کارە قەڵس بوون و پێیان خۆش نییە، چونکە ترسیان هەیە پارتی هەموو کارە گەندەڵییەکانیان ئاشکرا بکات، ئەو حیسابەی بۆ پارتی دەکرێت بۆ لایەنەکانی دیکە نەکراوە، ئەمانە هەمووی وای کردووە لایەنەکانی دیکە پێیان خۆش نەبێت پارتی گەڕاوەتەوە چونکە دەزانن پارتی کاریگەری زۆر لە کەرکووک دروست دەکات.
ڕزگار نوری گوتیشی: نەک تەنها کورد بگرە عەرەب و تورکمانیش لە ئیدارەی شار و لایەنەکانی کەرکووک نیگەرانن بۆیە دڵخۆشن بە گەڕانەوەی پارتی و پشتگیری خۆیان بۆ پارتی دووپات دەکەنەوە چونکە پارتی زامنی پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانە بەبێ جیاوازی، ئیتر ڕێگە نادرێت تەعدا نە لە کورد و نە لە هیچ پێکهاتەیەک بکرێت، چونکە بە گەڕانەوەی پارتی سەقامگیری دروست بووە و ئاڵای کوردستان گەڕاوەتەوە، بە ئامادەبوونی دەیان دەزگای ڕاگەیاندنی وڵاتانی جیهانی، بۆیە لە ڕۆژانی داهاتوو بارەگاکانی ماون ئەوانیش دەکرێنەوە.
دەشڵێت: ئەوانەی لە ڕاگەیاندن ناسێندراون لە لایەنەکانی دیکە هاتوون بۆ ناو پارتی ئەوانە بەشێکن و خەڵکێکی زۆر هاتوون و بەردەوامیش دێن بۆ ناو ڕیزەکانی پارتی و پشتگیری لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، ئەمەش دوای گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک دێت کە پارتی خۆی بە خاوەنی کەرکووک و هەموو خەڵکی ئەو شارە دەزانێت.
بڵند ئیبراهیم




