ئەشواق جاف بۆ KDP: گەر پرۆسەكه شەفاف بێ کاندیدهكهی پارتی سەردەکەوێت

بەغدا-KDP.info- بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، دوای کۆنگرە، بە شێوەیەکی تازە لە بەغدا دەستمان بە کارکردن کردووە و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغداش، پرۆسەی بانگەشە بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە دەچێت. دەشڵێ، گەر هیچ گرفتێک دروست نەبێت و پرۆسەکە بە شەفافی بەڕێوە بچێت، کاندیدی پارتی سەردەکەوێت.
د. ئەشواق جاف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەو خاڵانەی لە پەیڕەوی ناوخۆی پارتیماندا گۆڕاون، قۆناغێکی تازەمان دەست پێکردووە لە کارکردن، بۆیە هەنگاوێکی تازەمان لە لقی پێنج ناوە و چالاکیمان زیاد کردووە و رێنماییەکانی سەرۆک بارزانی جێبەجێ دەکەین، بۆ ئەوەی لە خزمەت هاووڵاتیاندا بین، بۆیە ئێستا پێشوازی خەڵک لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەرێنییە".
ئەشواق جاف گوتیشی: "هەرچەندە من حەوت مانگە دەستبەکار بووم، بەڵام گۆڕانکاریی ئەرێنی هەیە و ئێمەش تەنها بۆ هەڵبژاردن کار ناکەین، بەڵکو دوای هەڵبژاردن کاری زیاتر دەکەین، لەبەر ئەوە پرۆسەکە بە هێمنی بەڕێوە دەچێت و پێشوازییەکی باش لە کاندیدی ئێمە دەکەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵک خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ سەرۆک بارزانی هەیە".
بەرپرسی لقی پێنج ئاماژەشی دا: "بە هۆی ئەو پێشوازییە گەرمەی لە کاندیدی ئێمە دەکرێت و چالاکیی زۆری لقی پێنج، ئەگەر پرۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوە بچێت و هیچ گرفتێک نەیەتە پێشەوە و هەڕەشەی تێدا نەبێت، کاندیدی ئێمە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا سەردەکەوێت، بە هۆی ئەو پێشوازییە گەرمەی لە کاندیدەکەی ئێمە دەکرێت و پشتگیریی بەردەوامی خەڵک بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا".
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەغدا کاندیدێکی هەیە بە ناوی (ئازاد ئەکبەر یار کەرەم) لە لیستی برایەتیی کوردانی فەیلی ژمارە 212 بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا.
بڵند ئیبراهیم




