٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاندیدێکی پارتی : کەرکووک شارێکی کوردستانی و شوێنی پێکەوەژیانە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک_KDP.info_ کاندیدی ژمارە 27ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: بەپێی هەموو پێوەر و خەبات و مێژوو کەرکووک شارێکی کوردستانی و شوێنی پێکەوە ژیانی هەموو پێکهاتەکانە، بۆیە ئێمە لەو پێناوە کار دەکەین بۆ خزمەتکردنی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک بەبێ جیاوازی، هەر بۆیەش  خەڵکی کەرکووک پێشوازییەکی گەرممان لێ دەکەن و پشتگیری خۆیان بۆ کاندیدانی پارتی دووپات دەکەنەوە.

عەلی نازم، کاندیدی ژمارە 27ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی:  هەرچەند لە پرۆسەی  هەڵبژاردن نزیکتر دەبینەوە بانگەشە گەرموگوڕتر دەبێت و خەڵک پشتگیرییەکی زۆر باشی کاندیدانی پارتی لە کەرکووک دەکات و گەشبینین لەم هەڵبژاردنە خەڵکی خۆشەویستی شاری کەرکووک پاداشتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەداتەو بەهۆی ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی لەپێناو کەرکووک داویەتی، چونکە خەڵک دەزانێت پارتی خاوەنداریەتی ڕاستەقینەی کەرکووک دەکات، هەر بۆیە بە شێوەیەکی فراوان و بەرچاو پشتگیری لە پارتی دەکەن.

عەلی نازم گوتیشی: بەڵگەش بۆ پشتگیریکردنی خەڵکی کەرکووک لە لیستی 197ی پارتی و کاندیدەکانی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەچینە هەر شوێنێک خەڵک پێشوازییەکی گەرم لە ئێمە دەکات و دڵخۆشی خۆیان نیشاندەدەن، بۆیە گەشبینین  و دەتوانین سەرکەوتنێکی گەورە لە کەرکووک لەم هەڵبژاردنە تۆمار بکەین، چونکە لای هیچ کەسێک تا ئێستا ڕەتنەکراوینەتەوە و هەمووان پێشوازی لە ئێمە دەکەن.

نازم ڕوونیشی کردەوە: ئەوەی گرنگە بەپێی هەموو پێوەرێک و مێژوو و خەباتی کورد لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستاش کەرکووک کوردستانی بووە و ئێستاش ئێمە ئامادەین سەرژمێری بکرێت کە کورد زۆرینەیە، ئەو شارە شارێکی کوردستانییە و هەر بەکوردستانیش دەمینێتەوە، ئێمە ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانیش دەگرین و لەگەڵ پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی دیکەداین.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار