٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەرێمی کوردستان خاوەن سەنگ و پێگەیەکی نێودەوڵەتی ڕێزلێگیراوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەراوێزی بەشداریکردن لە لوتکەی جیھانی کەشوھەواCOP28، لەگەڵ دەیان سەرۆک و سەرۆک وەزیران و گەورە بەرپرسانی وڵاتان لە ئیمارات کۆبوونەوە و سەردانەکەیان لەلایەن مامۆستایەکی زانکۆ و شارەزا لە زانستە سیاسییەکان وەک سەردانێکی گرنگ خوێندنەوەی بۆ کرا.

سەبارەت بە بەشداری و ئامادەبوونی ھەریەک لە سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەت مەسروور بارزانی لە کۆنگرەی نێوەدەوڵەتی تایبەت بە کەشوھەوا (COP28) لە وڵاتی ئیمارات، د.عومەر نورەدینی، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە زانستە سیاسییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەم کۆنگرەیە لە چەندین لاوە گرنگ و بایەخی خۆی ھەیە، لەوانە، ئاستی کۆنگرەکە لە ڕووی ئامادەبووان و بەشداربووانی نوێنەرانی وڵاتانی باڵا و لوتکە بوو، ھاوکات ئامادەبوونی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت لە چالاکیەکی نێودەوڵەتی لەم شێوەیە و لەسەر بانگھێشتی سەرۆکی ئیمارات و پاشای بەریتانیا نیشانەی ئەوەیە ھەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسیی دەستووری خاوەن سەنگ و پێگەیەکی نێودەوڵەتی ڕێزلێگیراوە، ئەم سەنگ و پێگە نێودەوڵەتیە بۆ ھەرێم پرسێکی وجودیە و کاریگەری لەسەر مانەوە و بەھێزبوونی ھەرێم ھەبووە و دەبێت".

ھەروەھا دەڵێت، لەمیانی کۆنگرەدا دەرفەت ڕەخساوە بۆ ھەردوو بەڕێزان کە دیدار و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەگەڵ دەیان سەرۆک و سەرۆک وەزیران و گەورە بەرپرسانی وڵاتان ھەبێت، بێگومان ئەمەش کاریگەری لەسەر زیندوو ھێشتنەوەی پەیوەندییە دەرەکیەکانی ھەرێم دەبێ و لەنزیکەوە ڕاو بۆچوونی ھەرێم لەبارەی پرس و کێشە ھەنووکەییەکانی ناوچەکە و دونیا ڕاستەخۆ دەگەنە ئەو کەسایەتیانەی کە بەرپرسن لە داڕشتن و دروستکردنی بڕیاری سیاسی وڵاتەکانیان.

ھاوکات نورەدینی پێی وایە، بابەتەکانی کۆنگرە دەربارەی گۆڕانی کەش و ھەواو مەترسیەکانی ژینگە بابەتی ئەوتۆن کە جیھانی و مرۆیین و پەیوەندیان بە ھەموو گەل و نەتەوەکانی دونیاوە ھەیە و ڕووبەڕووبوونەوەیان ئەوە دەخوازێ ھەمووان بەشداربن، لەلایەکی دیکەوە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە بەگژداچوونەوەی کێشەکانی گۆڕانی کەش و ھەوا و ژینگە زۆر لاوازە و بەدەست چەندین کێشەی قوڵ و ئاڵۆزی گۆڕانی کەش و ھەوا دەناڵێنێ، لەوانە: کەمبوونی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی، وشکبوون و بە بیابانبوونی زەوی، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، لەدەست دانی زەوی کشتووکاڵی و کەمبوونەوەی بەرھەمی کشتوکاڵی .. ھتد… ھەموو ئەمانە کاریگەری نێگەتیڤیان بۆسەر ھەرێمی کوردستان دەبێت.

عومەر نورەدینی ئاماژە بەوە دەکات، بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت چارەسەری ئەو کێشانە بکات دەبێ ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات و بۆ ئەوەی لەمەشدا سەرکەوتووبێت پێویستی بە ھەرێمی کوردستانە، ئامادەبوون لەم کۆنگرەیەدا دەرفەتی ڕەخساند بۆ ئەوەی ھەرێم ھەم لەگەیاندنی پەیام ھەم لە وەگەڕخستنی ھەوڵەکان بۆ بەگژداچوونەوەی ئاڵنگاریەکان بەشدار و ئامادەبێت و لەمەدا ھەرێم وەک ئەکتەرێکی سیاسیی خاوەن ڕۆڵ حیسابی بۆکرا.

 

فایزە کۆیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار