گوتەبێژی هۆزە عەره بەکانی ناوچە کوردستانییەکان: گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک زۆر گرنگە بۆ پێکەوەژیان

کەرکووک_KDP.info_ گوتەبێژی هۆزە عەربەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گوتی: گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک گرنگی زۆری هەیە بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان بەیەکەوە بژین بەبێ جیاوازی، هاوکات داواشی لە خەڵک کرد دەنگ بەو لیستە بدەن کە بتوانێت خزمەتیان بکات.
شێخ مزاحم ئەلحویت، گوتەبێژی هۆزە عەربەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەین و هەڵبژاردن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گرنگی زۆری هەیە و هیوادارین بەهێزەوە بەشداری بکەن، بۆ ئەوەی ئەوانە هەڵبژێرن خزمەتیان دەکەن و بەرپرسەکانیش لەڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگا دیار بکرێن و لەوانەبن خزمەتیان بکەن و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکەن.
شێخ مزاحم ئەلحویت گوتیشی، گەرانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگی زۆری هەیە و کەرکووکیش شاری پێکەوەژیانە، ئەو گەڕانەوەیە مافێکی دەستووری پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە ئێمە بڕوامان بە پێکەوەژیان هەیە و پێویستە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان لە کەرکووک پێکەوە بژین بێ جیاوازی و هەر چی لە ڕابردوو هەبوو فەرامۆش بکرێت و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەینەوە و زیاتر کار لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە کوردستانییەکان بکرێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی خۆمان دەکەین کامە لیست خزمەتیان دەکات دەنگی پێ بدەن و پشتگیری بکەن.
گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکوک کاریگەری زۆری لەسەر خەڵکی کەرکوک هەبووە و ئێستاش بانگەشە بۆ لیستی خۆی دەکات بەژمارە 197بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
بڵند ئیبراهیم




