کاندیدی ژمارە 30ی پارتی لە کەرکووک: خەڵکی کەرکووک بڕیاریان داوە بە دەنگدان پارتی خەڵات بکەن

کەرکووک_KDP.INFO_ کاندیدی ژمارە 30ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: دوای گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک بووژانەوەی کوردانە لە کەرکووک دروست بووە، باشترین بەڵگەش بردنەوەی ئاڵای کوردستان بوو بۆ ئەوشارە، بۆیە خەڵکی کەرکووک بە گوڵ و شیرینی پێشوازی لە لیستی 197ی پارتی دەکەن.
ئاهەنگ ئەنوەر جەبار، کاندیدی ژمارە 30ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: خەڵکی خۆشەویستی شاری کەرکووک بەڵێنیان داوە 18/12 کەرکووک زەردپۆش بکەن و سەرۆک بارزانی خەڵات بکەن بەدەنگدان بە لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە خەڵکی کەرکووک دوای گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک چاوەڕێی کەرنەڤڵێکی گەورەی سەرکەوتنی پارتی دەکەن لەم هەڵبژاردنە، بۆیە خەڵک دڵسۆزە و دەنگ بەکاندید و لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن.
ئاهەنگ ئەنوەر جەبار گوتیشی: بەهۆی ئەوەی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک زۆر بەهێزە و کاریگەری یەکجار زۆری دروست کردووە، خەڵکێک پێی تەنگەتاو بووە و ترسیان لە سەرکەوتنی پارتی هەیە، بۆیە دەستیان بە چەواشەکاری کردووە، بەڵام پارتی بەهێزە و خەڵکەکەشی دڵسۆزە و خۆڕاگرە و ئومێدێکی زۆریان بە پارتی و بارزانی هەیە، بۆیە ئەم چەواشەکارییانە ساردمان ناکەنەوە و بەردەوام دەبین تا سەرکەوتن.
دەشڵێت: ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە خەڵک زیاتر بەجۆش و خرۆشتر پێشوازی لە پارتی دەکەن، بۆ هەر شوێنێک بچین بە گوڵ و شیرینی پێشوازیمان لێ دەکەن، چونکە بووژانەوەیەکی کوردانە بە گەڕانەوەی پارتی لە کەرکووک دروست بووە و بردنەوەی ئاڵای کوردستان بۆ کەرکووک گەورەترین بەڵگەیە، بۆیە ئێمەش بەردەوام دەبین و خزمەتی خەڵکی خۆمان دەکەین و دەبینە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەوان.
بڵند ئیبراهیم




