جێگری پارێزگار بۆ KDP: بڕیارهكه دیاریی سەرۆکی حکوومەتە بۆ ئەو ھاووڵاتیانە

هەولێر-KDP.info- لە پارێزگای ھەولێر مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بە ژمارەیەک ھاووڵاتیی خاوەن زەویی سندووقی درا و جێگری پارێزگاریش دەڵێ، ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتیان سوودمەند دەبن لە مۆڵەتی خانوو، ئەوانەی زەویی سندووقییان ھەیە.
مەسعوود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە رۆژانی رابردوودا ئیدارەی ھەولێر مۆڵەتی دروستکردنی خانوو لەسەر زەویی سندووقی بەسەر زیاتر لە ٢٠٠ ھاووڵاتی دابەش کرد، پرۆسەی پێدانی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو لەسەر زەویی سندووقی بەردەوامی دەبێت و ھەر ھاووڵاتییەک زەویی سندووقیی ھەیە، دەتوانن لە رێگەی یەکەی کارگێڕیی سنوورەکەیان داواکاری پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی خانوو".
لەبارەی ئاسانکاری بۆ ئەو زەویانەی تەنیا دوو لای خانوویە، جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی: "زەویی سندووقی لە ناوەکەی دیارە زەوییەکە سێ لای سندووقی بێت و زەوییەکە دوای پێداچوونەوە مۆڵەتی دروستکردنی خانووی پێ دەدرێت، کە ئاسانکاری لە مامەڵەکانیان دەکرێت، بەڵام مۆڵەت بە زەویی دیکە نادرێت بە ناوی سندووقی".
مەسعوود کاڕەش ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بڕیاری زەویی سندووقی، دیاریی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ ئەو ھاووڵاتیانەی زەویی سندووقییان ھەیە و زەوییەکەیان تاپۆیە و کارت نییە، پێشبینی دەکەین ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتی لە سنووری پارێزگای ھەولێر سوودمەند بن لە بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ دروستکردنی خانوو".
قائید میرۆ




