کاندیدی ژمارە 10ی پارتی لە خانەقین: بە شێوەیەکی فراوان کورد و عەرەب پشتگیری لە لیستی پارتی دەکەن

خانەقین KDP.info __ کاندیدی ژمارە 10ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە گوتی: لە خانەقین نەک تەنها کورد بگرە عەرەبیش پشتگیری لە لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن و ئومێدێکی زۆرمان هەیە بتوانین دەنگی باش لە خانەقین بەدەست بێنین و لەڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە خزمەتی خەڵک بکەین و بەرگری لە مافەکانیان بکەین.
مستەفا ئەحمەد جومعە ، کاندیدی ژمارە 10ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردن لەسنووری دیالە بە تایبەت لە خانەقین زۆر گەرموگوڕ بووە و زۆریش باش بەرێوە دەچێت و خەڵکی خۆشەوستی شاری خانەقین و ناوچەکانی دیکەش پشتگیری خۆیان بۆ لیستی پارتی دووپات دەکەنەوە و ئێمە جەماوەرێکی باشمان لە خانەقین هەیە، عەرەبیش پشتگیریمان لێ دەکەن، ئێمەش پەیوەندیمان لەگەڵیان باشە.
دەشڵێت: ئومێدێکی زۆرمان بە خەڵکی خۆمان هەیە بۆ ئەوەی بچینە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە و لەوێ خزمەتی خەڵک بکەین و بەرگری لە مافەکانیان بکەین.
مستەفا ئەحمەد گوتیشی: لە سنووری کەلار دەنگدەرێکی زۆرمان هەیە خەڵکی سنووری خانەقینن و سەر بەمادەی 140ن ، بۆیە ئەگەر گرفت بۆ ئەوان دروست نەکرێت لە هەڵبژاردنی ڕابردوو ڕێگرییان لێکردن ، بەڵام ئەمجارە ئاسانکاری باشترمان بۆ کردووە بۆ ئەوەی دەنگ بدرێت، ئەگەر ئەوان دەنگ بدەن ئێمە دەتوانین دەنگێکی باش بەدەست بێنین و بەلایەنی کەمەوە دوو کورسی مسۆگەر بکەین، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین دەنگی باش بەدەستبێنین و کاری باشمان کردووە و بەردەوامیش دەبین تا دواین ڕۆژ بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک پشتگیری لە لیستی پارتی بکەن و دەنگ بە پارتی بدەن، چونکە خەڵک ئومێدی زۆری بە پارتی هەیە و دڵنیام لیستی پارتی سەردەخەن و دەنگیان بۆ لیستی پارتی دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




