ئامادەکاری تەواو بۆ دەنگدانی ئاوارەکان کراوە

دهۆک _KDP.info_ بەرپرسی نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دهۆک گوتی: دەستمان بە دابەشکردنی کارتی دەنگدانی ئەوانە کردووە کە خۆیان تۆمارکردووە و کارتی دەنگدانیان گەڕاوەتەوە و بۆ ڕۆژی دەنگدانیش تەواو ئامادەین و هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە.
خالد عەباس ، بەرپرسی نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دهۆک ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو ئاوارانەی خۆیان تۆمار کردبوو ئێستا کارتەکانیان گەڕاوەتەوە و دەست بە دابەشکردنی کارتەکان بەسەر ئاوارەکاندا کراوە کە ژمارەیان 900 کارتە ، چونکە ئەوانەی دیکە تۆمار کراوبوون و ئەوانەی ئێستا ناویان گەڕاوەتەوە ئەو کەسانەن لەدایکبووی 2004 و 2005ن.
خالد عەباس گوتیشی: ئامادەکاری تەواو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراوە و وەرەقەی دەنگدان و تۆمار گەیشتووە و ئامێرەکان کاری لەسەر دەکرێت و کاری ڕاوێژکاری تەواو بووە و پلانی ئەمنی دانراوە و فەرمانبەران ئامادەکراون ، بۆیە کارەکان باش بەڕێوە دەچێت.
دەشڵێت: لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆ دەنگدانی ئاوارەکان 23 بنکەمان هەیە کە 96 وێستگە لەخۆ دەگرێت و بۆ دەنگدانی تایبەتیش 11بنکە و 35 وێستگەمان هەیە، بۆیە لە سنووری پارێزگای دهۆک 40 هەزار دەنگدەری ئاوارەمان هەیە و بۆ دەنگدانی تایبەتیش 14هەزار و 788دەنگدەرمان هەیە ، بۆیە تەواو ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
بڵند ئیبراهیم




