نێچیرڤان بارزانى لەسەر بانگهێشتی پادشای بەریتانیا و سەرۆکی ئیمارات به‌شداریى رێوڕه‌سمێكى تایبه‌تى کۆپ 28 دەکات

ئیمارات-KDP.info- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەسەر بانگهێشتی پادشای بەریتانیا و سەرۆکی ئیمارات، لە چوارچێوەی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی، بەشداریی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا دەکات.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له دوبه‌ى له‌سه‌ر بانگهێشتى هاوبه‌شى شا چارڵزى سێیه‌م، پادشاى شانشینى یه‌كگرتووی بەریتانیا و شێخ محه‌ممه‌د بن زاید ئال نه‌هیان، سه‌رۆكى ئیمارات، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى وڵاتان، به‌شدارى له رێوڕه‌سمێكى تایبه‌تى پێشوازیى ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده‌ى وڵاتان و به‌شدارانى كۆنفرانسى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا (COP28)دا كرد.
رێوڕه‌سمه‌كه بۆ كردنه‌وه‌ى كۆڕبه‌ندى كارى خێرخوازى و گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وایه كه له‌گه‌ڵ كاره‌كانى (COP28)دا، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیى ئیمارات بۆ كۆنفرانس و ده‌سپێشخه‌ریى بازاڕى به‌رده‌وامه‌وه، ساز ده‌كرێت. ژماره‌یه‌ك له سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى ئه‌و وڵاتانه و میوانان بانگهێشتى رێوڕه‌سمى ئه‌م ئێواره‌یه كراون كه سبه‌ى به‌شدارى له كۆبوونه‌وه‌كانى لووتكه‌ى دوو رۆژى یه‌كه‌مى كۆنفرانسه‌كه‌دا ده‌كه‌ن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رمیى شێخ محه‌ممه‌د بن زاید ئال نه‌هیان، سه‌رۆكى ئیمارات و بۆ بەشداریکردن لە كۆنفرانسى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا (COP28)، گەیشتە شاری دوبه‌ى.
رێوڕه‌سمه‌كه له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ى (COP28)دا دێت كه ئه‌مڕۆ به به‌شداریی سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى وڵاتان و میوانانى باڵا و شاره‌زایان ده‌ستپێده‌كات و تا 12ـی ئه‌م مانگه به‌رده‌وام ده‌بێت. تێیدا وڵاتان و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئاژانس و رێكخراوه‌كانى ئه‌م بواره و كه‌ر‌تى تایبه‌ت، لێكۆڵینه‌وه و گفتوگۆ ده‌رباره‌ى هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا و پلان و رێكاره‌كانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئاستى جیهان، ده‌كه‌ن.




