٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی گەیشتە ئیمارات

سەرچاوە: KDP.info

ئیمارات-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا گەیشتە ئیمارات.

رۆژی پێنجشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لەسەر بانگهێشتی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم بۆ بەشداری لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) گەیشتە ئیمارات.

دوای گەیشتنی بۆ ئیمارات، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی رایگەیاند، "خۆشحاڵم کە لە ئیماراتم بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا".

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "پشتگوێخستنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە و وەک گەلێک و بەشێک لە ناوچەکە دەبێت رۆڵی کارامان هەبێت".

لەکاتی گەیشتنی بۆ دوبەی، شاندێکی ئیماراتی و باڵیۆزی عێراق لە ئیمارات پێشوازییان لە سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی کرد کە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکەی حکوومی یاوەری سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی دەکەن لەم سەردانەی بۆ ئیمارات.

پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) کە رۆژانی (1-2ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە شاری دوبەی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت.

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، بە بانگهێشتی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لەم لوتکەیە دەکات کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی نیشتمانیی ئیمارات. ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام.

لە لوتکەکەدا، باس لەو ئاستەنگانە دەکرێت کە  لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، رووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشدارانی لوتکەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار