٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شوان کەلاری: سەرباری رێککەوتن ھێشتا ئاستەنگ بۆ ھەرێم دروست دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

لقی ٦ی ئەوروپای پارتی، وێبنارێکی بۆ شوان کەلاری بڕیاردەری فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەژێر ناونیشانی بارودۆخی عێراق و ھەڵوێستی نێگەتیڤی بەغدا بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان سازکرد و تێیدا بڕیاردەری فڕاکسیۆنی پارتی گووتی: عێراق لەسەر خواستی ئێمە دروست نەبووە و بۆچوونی ئێمە وەکو کورد وەرنەگیراوە، بەر لەوەی حکوومەتی عێراق دروست ببێت ئێمە لەشەڕ بەشداربووین لەگەڵ حکوومەتی عێراق و شۆڕشی کورد بەردەوام بوو، پێش دروست بوونی دەوڵەتی عێراقیش شۆڕشەکانی کورد بەرپاکران وەک شۆڕشی شێخ مەحموود و شێخ ئەحمەدی بارزان، تا گەیشتە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق و دروستبوونی عێراقی نوێ ھێشتا کێشەی گەورەمان ھەن لەگەڵ عێراق، بەردەوام ھەوڵدراوە نەتەوەی کورد جینۆساید بکرێت، ئەوەیش ھۆکارە تاکی کورد ئینتیمای بۆ عێراق نەبووە.

بڕیاردەری فڕاکسیۆنی پارتی ڕوونی کردەوە: لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق ھەردوو پارتی گەورەی کوردستان پارتی و یەکێتی دەنگیان بە دەستووری عێراق دا، مخابن چەند ساڵێک دوای پەسەندکردنی دەستوور و ھێوربوونەوەی ڕەوشی عێراق دیسان دەسەڵاتدارانی عێراق پاشگەزبوونەوە لەو بەڵێنانەی عێراقی نوێی لەسەر دروست کراوە، شۆڤێنییەکان کەوتنە دژایەتی کورد و ھەرێمی کوردستان بۆ نموونە دەبوایە ئێستا ماددەی ١٤٠ی دەستوور لە قۆناغی کۆتایی بێت بۆ جێ بەجێکردن، بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان ھەر باوەڕیان بە دەستوور و مادەی ١٤٠ نییە، چەندین پرسی دیکە لە چوارچێوەی بەندەکانی دەستووردا ھەن وەک مادەی ١٣٢ی تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو زەرەرمەندبوونە، ئەمە لەکاتێکدایە عێراق ھەموو زەرەرمەندانی ناوچەکانی خۆی قەرەبوو کردووەتەوە تەنیا ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بێبەش کراون.

شوان کەلاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئێمە لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەموو ئەو خاڵانە خرانە نێو کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سودانی، پەرلەمانی عێراقیش کارنامەکەی پەسەند کرد، کەچی ھێشتا ھەر ئاستەنگ بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، لەوانەش نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم  و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال.

شوان کەلاری گوتی: ئەو خاڵانەی لە چوارچێوەی ھەماھەنگی دەنگی لەسەر دراوە ھەمووی گۆڕدراوە لە پەرلەمان، ئێمە وەک نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لایەنە کوردیەکانمان لە مەترسییەکانی ناو یاسای بودجەی گشتی عێراق ئاگادار کردووتەوە.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار