٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەناف حەسەن: جگە لە ئاوارەکانی شنگال ھەموو ئاوارەکانی نەینەوا بۆ دەنگدان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان

سەرچاوە: KDP.info

بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەپێی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ھەموو ئاوارەکانی نەینەوا بۆ ڕۆژی دەنگدان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان دەشڵێ، تەنیا ئاوارەکانی قەزای شنگال دەتوانن لە نێو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکانیش بەشداری پرۆسەکە بکەن.

مەناف حەسەن، بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھەڵبژاردنی مانگی داھاتوو بۆ ئێمە وەک کورد گرینگە لەبەر ئەوەی دوای ھەڵبژاردن حکوومەتی خۆجێی پارێزگاکان لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە پێکدێت، کورد تا زۆرتر دەنگ بەدەست بێنێ زیاتر دەسەڵاتی دەبێت لە ناوچە کوردستانییەکان.

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: لە سنووری مووسڵ ئامادەکاری باشمان بۆ ھەڵبژاردنی مانگی داھاتوو کردووە، بەتایبەتی دوای دروستکردنی مەکتەبی ڕێکسختنی پارێزگای نەینەوا توانیومانە زیاتر بچینە ناو سەنتەری شاری مووسڵ.

لەبارەی دەنگدانی ئاوارەکانیش مەناف حەسەن ئاشکرایکرد: بەپێی یاسای ھەڵبژاردن ھەموو ئاوارەکان بۆ ڕۆژی دەنگدان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و بەشداری پرۆسەکە دەکەن، تەنیا ئاوارەکانی قەزای شنگال مافیان ھەیە لەناو کەمپەکان یان ئەوانەی دەرەوەی کەمپەکانیش لە شوێنی ئێستا دەنگی خۆیان بدەن، ئەمجارە دەنگدەری ئێمە بەربڵاوە چونکە دوای ساڵی ٢٠١٤ بەشێکی دەنگدەران ئاوارەی دھۆک و بەشێکی دیکەش ئاوارەی ھەولێر بوونە.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار