٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عادل عەلی: سەرکەوتنی پارتی لە نەینەوا گومانی تێدا نییە

سەرچاوە: KDP.info

کاندێکی لیستی ١٩٧ی پارتی لە پارێزگای نەینەوا ئاشکرای کرد: سەرکەوتنی پارتی گومانی تێدا نییە و ھەموو ھەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی لیستی پارتی زۆرترین دەنگ لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەدەست بێنێ.

عادل عەلی، کاندیدی ژمارە ٧ی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بانگەشەی ھەڵبژاردن بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە نێو قەزای شنگال ھەندێ پێشێلکاری دەکرێت بەرامبەر بە کاندیدان، ڕاستەوخۆ ڕێگری نەکراوە بەڵام لە ھەندێ لاوە ڕێگری دەکرێت، بۆ نموونە لە سەنتەری قەزای شنگال ھیچ وێنەیەکی ئێمە وەک کاندید نەماوە و هەمووی لێکراونەتەوە و لادراون، بەڵام ئەوە نابێتە ڕێگر لەبەردەم بانگەشەی ئێمە بۆ ھەڵبژاردن.

کاندیدەکەی پارتی گوتیشی:  لیستی ١٩٧ی پارتی لیستی ھەموو پێکھاتەکانە و بە کوردی موسلمان، ئێزدی و کاکەیی بە کورد و عەرەب، کریستیان و ئەوانی دیکەش دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن.

عادل عەلی ڕوونی کردەوە: ڕەوشی شنگال لەسەر دەستی پارتی ئاسایی دەکرێتەوە و گومان لە سەرکەوتنی لیستی پارتی نییە، بەڵام چەند دەنگی زیاتریش بێنێ دەستی کراوەتر دەبێت بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی نەینەوا، بەتایبەتی لە ناوچەیەکی وەک شنگال کە قوربانی سەرەکی ناوچەکەیە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار