سەنگەر کانەبی: بەھۆی ھەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی خەڵکی دەرەوەی پارتیش دەنگ بە لیستی پارتی دەدەن
__2023_11_29_h19m15s47__HK.jpg)
بەرپرسی لقی پارتی لە مەخموور دەڵێت، بەھۆی سیاسەت و ھەڵوێستەکانی پارتی و سەرۆک بارزانی خەڵکی دەرەوەی پارتیش لە ڕۆژی ھەڵبژاردن دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی دەدەن، دەشڵێ: لیستی پارتی سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێنێ.
سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخموور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بانگەشەی ھەڵبژاردن لە سنووری مەخموور بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا ھیچ کێشەیەکی گەورە بۆ بانگەشە دروست نەبووە، لەو ناوچانەی دەکەونە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقیش سوپای عێراقی تێدایە و بانگەشەی ھەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت، لیستی پارتیش سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێنێ.
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: لە سنووری لقی ٢٣ی مەخموور پارتی دیموکراتی کوردستان ھەشت کاندیدی ھەیە، حەوت کاندید بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و کاندیدێکیش بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە، چونکە ھەندێ سنووری لقی ئێمە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای کەرکووکە.
سەنگەر کانەبی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ڕۆژانە کاندیدانی پارتی بانگەشەی خۆیان بەڕێوەدەبەن، خەڵکی ناوچەکەش بە ھەموو پێکھاتەکانەوە پشتگیری لیستی ١٩٧ی پارتی دەکەن، دەتوانم بڵێم خەڵک ھەیە لە دەرەوەی پارتییە دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی دەدات، تەنانەت دەنگدەر ھەیە سەربە لایەنی دیکەی سیاسییە بەھۆی ھەڵوێستەکانی پارتی و سەرۆک بارزانی لەڕۆژی ھەڵبژاردن دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدات.
قائید میرۆ




