٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

عێراق راکردن بەرەو دیکتاتۆریەت و چەقین لە قەیران

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

چەقبەستنی دەسەڵاتداریەتی

1

عێراق وڵاتێکە هەمیشە لە رێگەی کودەتای سەربازی قیتبوونەوە دژی یەکتر بەرێوەچووە، لە هیچ سەردەمێکدا نە هەڵبژاردنی ئازاد و نە دەسەڵاتێکی دیموکراسی لەئارابووە، تاکو شێوە حکوومەتێک و دەسەڵاتێکی نیشتیمانی و ئازادیش بینابکرێت.

دوای ئەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە پرۆسەیەکی دیرۆکی سەدام حوسێن و رژێمەکەیان روخاند و لەگەڵ ئەویشدا سەرجەم دامودەزگا و یاسا و سوپا و پۆلیس و دەزگای هەواڵگریان تەفروتوناکرد. ئەمەش جێ پەنجە و تەنگەژەیەکی کاریگەری بەسەر رووداوە سیاسییەکانی دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لەسەر دەستی ئەمەریکا رویان دا دروست کرد و دواتر تەسلیمی لایەنە سیاسی و پێکهاتە جوداکانی عێراق کرا.

گرینگ ئەمەریکا دووچاری کێشەی بنڕکردنی تیرۆر و بیناکردنەوەی دامودەزگا دەستوری و  ئیدارییەکانی عێراق هات. کێشەی تیرۆر ئەگەر خوێنی سەربازی و توانای دارایی و جەنگێکی ترسناکی بەدوای خۆیدا هێنا و هەندێک دەزگا و لایەن و سیاسی ئەمەریکی والێکرد، راشکاوانە بێژن عێراق ڤێتنامێکی دیکەیە بۆ ئەمەریکاو بە ترس و راراییەکی بەرچاو هەنگاویان تێدا دەنا، هەرچەندە جۆرج بۆشی سەرۆکی ئەو کاتی ئەمەریکا دەڵێت دەبوایە بە بوێرییەکی زۆرەوە مامەلە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەو لایەنە رادیکالیانە بکەین و بە هێز درێژە بەو کردەوە سەربازیانە بدەین کە دەستمان پێکردبوو. وەلێ لایەنی دووەمی کێشەکە فەلسەفەی داڕشتنەوەی ئیدارە و هەڵبژاردنی لایەنی موستەحەقی حوکمڕان لە عێراق و  شێوازی ئیدارەکردنی ئەو وڵاتە بوو. کە لەلایەک رژێمی بەعس دایتەکاندبوو و لە ئالەکی دیکەشدا شەڕی رزگاری عێراق و رەچاوکردنە ناواقیعییەکانی ئەمەریکا بوو بۆ دوارۆژی عێراقێکی نوێ کە بۆیەکەمینجار بوو کێشە لە مێژینەکانی بەمجۆرە بتەقێتەوە و دابەشبوونە خەفەکراوەکەی نێوان (کورد و شیعە و سونە) دەربکەوێت.

دوای کشانەوەی سوپای ئەمەریکا لەعێراق ، ئەمەریکا متمانە و  دەسەڵاتی رادەستی سەرۆک وەزیران (نوری مالکی) کرد، کە بەپێچەوانە دەبوایە پێش کشانەوەی ئەو گەلە کێشەیەکی یەکلابکردبوایەوە کە تاکو هەنووکەش لە نێوان حکوومەتی کوردستان و بەغدا هەروەسا لە نێوان سونە و شیعە ماون و دەسەڵاتەکەشی بدابوایە گشت لایەنەکان بەشدار لە پرۆسەی سیاسی عێراق. بەمەش ئاراستەکان پێچەوانەی ئەو ماوەیە دەستیان بە ئاژۆتن کرد کە دەسەڵاتی سەربازی ئەمەریکا لە عێراقدا بە پینەو پەڕۆ و دوخستنی تەقینەوەی کێشەکان شاردبوونیەوە، بۆیە نوری مالیکی سەرۆک وەزیران خۆی پێنەگیراو  یەکسەر و بێ چاوەڕوانی ئاراستەیەکی نوێی لە چۆنیەتی کارکردن و سیاسەت دارشتن بۆ یەکلایکردنەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ لایەنە ناکۆک و سەرەکییەکان و هەروەها دەست بەسەرداگرتنی جومکە سەرەکییەکانی حوکم دەستپێکرد و نوری مالکی سەرکردایەتی ئاشکرا و زەقی ئەم سیاسەتەی بە پاڵپشتی هەندێک لایەنی شیعی و پشت بەستن بەو دەسەڵات و متمانەیەی ئەمەریکییەکان پێیان بەخشیوە، بەناو گۆمە مەنگەکە کەوت.

کەواتە دەکرێت بڵێین عێراق لەسەر شێوازێکی تەواو نەکراو لەهەندێک بواردا دامەزرایەوە. هەورەها لایەنێک لە ناو شیعە دەیەوێت ئاراستەکان لە قازانجی سیاسی خۆی لێبخوڕێت. بەمەش هەم سونە وەکو لایەنی دوژمن و رکابەری سەرەکی حوکم لە بەغدا، دایە بەر سمکان. هەم کوردیش کە هاوپەیمان و راگری لاسەنگی و هاوبەشییە لە حکومدا، خستۆتە ژێرفشارێکی سیاسی و ئابوری ترسناک کە رێگە هەڵبژێردراوەکەی مالکی بۆ تێکدانی هاوپەیمانی و تێکدانی هاوسەنگی لە حوکم، تەنیا یەک واتا بەدەستەوە دەدات ئەویش نەهێشتنی بەشداری هاوبەش لە دەسەڵاتە، بەمەش وەکو چۆن سونە کەدژی سیستەمی هەرێمەکانن، وەکو ژەهر خواردنەوە بانگەشەی پێکهێنانی هەرێمی رۆژئاوا بکەن و ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە داڕشتنەوەی عێراق بەم ئاراستەیە لە جیاتی بیناکردنی کۆمەڵگەیەکی ئاشتەوایی و دەسەڵاتێکی دیموکراسی، تاکڕەویی و خۆسەپێنی و ئینجا راکردن بەرەو دیکتاتۆریەت دەردەکەون.

کەواتە عێراق لە قەیرانی شێوازی حوکمدایە، نەک قەیرانی تاکە کەسێک لە دەسەڵاتدا. چونکە کێشە و خۆگلخاندنی  لایەنەکانی دیکە بەرانبەر مادەی 140و کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا، نیشاندەری قەیران لە عەقلیەتی بیرکردنەوە و فەلسەفەی سیاسی ئەو لایەنانەیە بۆ چۆنیەتی بەرێوەبردن و دەسەڵات، نەک چۆنیەتی بیرکردنەوەی سیاسی تەنیا لایەنێک و کەسێک.

جۆرج دەبلیو بۆشی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کە سەرکردایەتی جەنگی رزگارکردنی عێراق و گرتنی سەدام حوسێنی سەرۆکی پێشووی عێراقی کرد لە بیرەوەرییەکان دەڵێت ( راستە سەدام ئیعازی هاوبەشی لە فەرەنسا و ئەلمانیا و  روسیاوە پێدەگەیشت کە خۆیان وەکو دژە جەنگی سەرانسەری جیهانی نیشان دەدا، ئەمە هیچ کەڵکی بۆ سەدام نەبوو، بەڵام جەنگ هەڵەی ئەوان  نەبوو، تەنیا یەک کەسی بە دەسەڵات هەبوو کە خۆی لە جەنگ لابدات، ئەویش هیچی نەکرد، بە هەموو فریودانەکانی جیهانیشەوە، سەدام  لە دیماهیدا هەر تەنیا خودی خۆی فریودا). خەریکە بێژین حکوومەتەکەی ئێستای عێراق و مالکی خەریکە لە تەک فریودانی خەڵک و رای گشتی هەرێمایەتی و هەندێک لایەنی بێگانە، خۆی فریوبداتەوە، بەوەی یێژێت عێراق لە مەترسییە، بۆیە دەبێت بەرەو دیکتاتۆریەت و قۆرخکردنی دەسەڵات هەنگاو بنێین، ئەگەر خێرا و بەراکردنیش ئەم ئامانجە بەدەست نەهێنین، ئیدی رەشەبای ترس رامان دەپێچێت..

 

 

 

قەیرانەکە  لە ئایدیۆلۆژیای سەدە بەسەرچووەکان دەچێت

2

تاکو ئێستاش هەندێک لایەنی عەرەبی عێراقی جا سونە بن یاخود شیعە بە شێوازە کۆنەکە پێش روخانی رژێمی بەعس و پێش پرۆستریکا و  روخانی بلۆکی سۆسیالیستی بیر دەکەنەوە و تەنیا هەندێکیان هێشتا گەرمایەتی گۆڕنکارییە خێراکانی بەهاری عەرەبیشیان پێنەگەیشتووە. مەبەستمان لە سەدە کۆنەکان ئەوەیە کە ئەمڕۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە ئاراستە و  بیرکردنەوە و بەرژەوەندی نوێ لە ژێر دروشمی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و  جیهانگەرایی بەرێوەدەچێت و دەسەڵاتی رەهای ناوەند لە حوکم و تاکڕەویی و تاک حزبی و خۆسەپێنی درێژخایەن باوی نەماوە. لە شوێنی ئەوەدا فرە پێکهاتەیی  و فرە ئایدیۆلۆژیا و فرە بیرکردنەوە و تەنیا فرە هێزی لە دەسەڵاتیش لە نێو یەک چوارچێوەی سیاسی و دەوڵەتیشدا هاتۆتە ئاراوە. بۆیە دەڵێین سەدە بەسەرچووەکان، چونکە چەمک و تێگەیشتنە رەهاکان باویان نەما. ئەو رەوت و ئایدیۆلۆژیایەی لە ژێر کاریگەری و  پاشکۆیەتی فکری سۆسیالیزم و فاشیزم و دەسەڵاتی رەهای تاکلایەنانە و دیکتاتۆری شمولی دەژیا، کۆتایی هاتووە. کەچی لە نێو ئەو هەموو گۆڕانکاریانەی هەیە، هێشتا هەندێک لایەن لە عێراق، جا ئەوانە لە لوتکەی دەسەڵات بن، یاخود لە پەراوێز و دژەکردە بن، ناتوانن ئەوە بسەلمێنن کە ئیدی کورد ناتوانێت لە چوارچێوەی عێراقێکدا بژیت، کە ئابلوقە درابێت بە تێکشاندنی هاوبەشی و  پێکەوەژیان  و سەربەخۆیی ئیداری و ئابوری.

هەروەها کوردیش ناتوانێت بەهەمان سیاسەت  و ستراتیژ کار بکات کە پێش راپەڕینی 1991هەیبوو. ئەو کات ئۆتۆنۆمییەکی هەتا نیوەچلیش بوایە بە  دیموکراسی بۆ عێراق دەزانی، بەڵام هەنووکە دونیا بەسەر کێشەیەکی داخکراوی  دیکتاتۆر  و شۆڤینستەکان  دەناسرێتەوە، بۆیە ئەو گاڤە کۆن و ترسناکانە بەسەر چوون و ئیدی کوردیش ناتوانێت ملکەچی ئیرادەیەکی لەرزۆکی سیاسی بێت، کە دەسەڵاتەکەی هێشتا ناتوانێت (ناوچەی سەوز) بپارێزێت. کەچی دەیەوێت لەو دیوی (سنورەکانی رۆژهەڵاتەوە!!) واتە لە پشت دەسەڵاتی ئارام و گەشەکردووی کوردستان ، کورد ملکەچی ئاراستەیەک بکات، کە لە رق لێبوونەوە و رەتکردنەوەی یەکتر و تێکشکاندنی هاوسەنگی هیچی دیکەی بەدوادا نایێت.

کەواتە بۆ ئەوەی عێراق  لە قەیرانی سیاسی ئێستا دەربازی بێت، دەبێت پێش هەرشتێک ئەو ئایدیۆلۆژیا کلاسیکییە بارگاوی کراوە بە فکری رەتکردنەوەی یەکتر و  هەڵگری فکری شۆڤینیستی بەرچاوتەنگی هەڵخەڵەتاندنە بە ناوی نەتەوەپەرستی، بخرێتە مۆزەخانە و هەروەها کوردستانیش هەموو لایەنەکان لەوە بگەن کە کوردستان گێچەڵ بە کەس ناکات و لەهەمان گاڤیشدا ناتوانێت لەو نیمچە سەربەخۆییەی هەنووکە هەیەتی، شتێکی دیکە قبوڵ بکات و بگەڕێتەوە ژێردەستی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی داگیرکردنێکی نوێ. راستە سەرکردایەتی کورد بە ئیرادە و ئارەزووی خۆی بەشداری لە پێکهێنانەوەی عێراقی نوێ کردووە، بەڵام ناتوانێت بەهەمان ئیرادە و ئارەزووە رێگە بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەندێکی تەژی لە دەمارگیری نەتەوەپەرستی و مەزهەبی بۆ کوردستان بدات.

کەواتە قەیرانی دەسەڵاتی هەنووکەی عێراق، قەیرانی چۆنیەتی بیرکردنەوەی فکری و بەرنامەی سیاسی هەندێک لایەنە کە دەسەڵات بەرێوەدەبەن و هێشتا خەوی سەردەمە کۆنەکان بەری نەداون. دیارە بۆ کوردیش زۆر سەختە هەم خۆی وریا بکاتەوە و هەمیش خەڵکی دیکە لە خەو رابکات و  ئەو عێڕاقە دیموکراسییە بینا بکرێتەوە کە سەروەری هەموو لایەک بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەرەرانە و هاوسەنگ دەپارێزێت  و حوکم لە رێژەی پێکهاتەکان  و سندوقەکانی دەنگدانەوە دێت، بێ فریودان و  کلک تێوەردان لە رەوشە سیاسییەکان بەو ئاراستەیەی کە پرسی گەڕانەوە بۆ نوقتەی سفرمان لا دروست دەکاتەوە.

بێگومان کورد کەتاکە لایەنە نوێنەرایەتی چەمکی دیموکرسی و کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکی لە مافی هاووڵاتی بوون و گەشەکردنی ئابوری و ئارامی و ئاسایش و پێکەوەژیانی پێکهاتە جوداکان دەکات و بەهەموو پێوەرەکان پێچەوانەی فەلسەفە و بەرنامەی سیاسی و ئابوری و ئیدیۆلۆژی داخراوی تاکرەویی کار دەکات، دەبێت پێداگری لەسەر ئەم لایەنە بکاتەوە، چونکە دەرکەوتووە ئەمە لایەنی گەش و بەهێزی بەردەوامی و پشتگیری و سەرکەوتنە بەردەوامەکانی کوردستانە.

 

حکوومەتێک وەزیرەکانی تیرۆریستن

3

جۆرج  بۆش لە بیرەوەرییەکانی دەڵێت (کاتێک چوومە ناو سیاسەتەوە بڕیارێکم دا ئەویش ئەوەبوو من رووبەرووی کێشەکان دەبمەوە، نەک تێپەڕاندنیان و بەجێهێشتیان بۆ نەوەکانی هاتوو).

 

باشە با بگەڕێینەوە دواین رۆژەکانی روخانی سەدام  حوسێن و سەرهەڵدانی گروپی تیرۆریستی و نزیکبوونەوەیان لە سونەکان و دەرکەوتنەوەی پاشماوەکانی بەعس، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمەریکا وەکو خۆشیان ئاماژەی پێدەکەن بەهەڵوەشاندنەوەی سوپا هەڵەیەکی گەورەیان کرد و سونییەکانیان د نیگەران کرد لە مەڕ چارەنووسیان لەبەرانبەر هەژموونی زۆرینەی شیعە لەو عێراقەی بە نوێ ناویان برد. تەنیا ئەمەریکا بە گرینگییەوە سەیری ئەو نامە دۆزراوەی زەرقاویشی کردووە کە (دەڵێت دەبێت شیعە بخەینە نێو شەڕەکەوە). بەمە  هەم بۆ درێژەدانی بۆ پاڵپشتی شیعە و هەمیش بۆ لێدانی گروپە تیرۆریستەکان درێژەی بەکارەکانی دا. 

هەر کە ئەمەریکا سەربازەکانی لە عێراق کێشایەوە، یەکڕاست جێگری سەرۆک کۆماری عێراق تاریق هاشمی بڕیاری گرتنی بۆ دەرچوو، بە تاوانی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی، دوای پتر لە ساڵێک هەمان رووداو دژی وەزیری دارایی عێراق رافع عیساوی دووبارە بوویەوە، ئەویش بەهەمان شێوە تاوانبارە  بەکاری تیرۆریستی. بەڵام حالەتەی ئەوەی دووەمیان لە کاتێکی جودا سەریهەڵدا کە دەکرێت لەم چەند خاڵەی کورت بکەینەوە:

یەکەم- کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان سونە و شیعە خەریکە لە ململانێیەکی هەرێمایەتی ئاشکرا و زەق دەردەکەوێت و دەبێتە بەشێک لە بەرژەوەندییە سیاسییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئێرانی و هەتا تورکیش.

دووەم- شۆڕشی سوریا دژی دەسەڵاتی کەمینەی عەلەوی هاوپەیمانی ئێران و شیعەی دەسەڵاتدار لە عێراق، رۆژ بەرۆژ پتر کۆمەکی لە لایەن  دەوڵەتە سونییەکان دەکرێت و خودی شۆڕشەکەش بەو ئاراستەیە دەچێت کە ئیسلامییە سونییەکان رەنگە لە دوارۆژدا دەسەڵات بگرنە دەست.

سێیەم- لەمیسر ئیخوان موسلمین دەسەڵاتیان وەگرتووە، سەرباری تونس، ئەمەش وەکو هێزێکی مەعنەوی بۆ سونەی عێراق دادەنرێت.

چوارەم- عیساوی لە جیاتی راکرن بۆ دەرەوەی عێراق، لە نێو خەڵکی سونە ماوەتەوە و بەشدارە لە رابەرایەتی خۆپیشاندان.

پێنجەم- خۆپیشاندان لە شارە سونییەکان دژی بڕیارەکەی حکوومەتی مالیکی بۆ گرتنی عیساوی تەقیەوە و فرەبوونیشی بەرچاوە و ماوەیەکی درێژیشە بەردەوامە.

ئەمە تەنیا بۆ نیشاندانی کەشوهەوای گڕگرتووی ئەو ناکۆکی و ململانێ تائیفیەیە، کە ئەمڕۆ بە ئاشکرا کاری بۆ دەکرێت. بەڵام ئەگەر وەها بڕوات هەموو کادر و وەزیر و کاربەدەستە سونییەکان کە ناڕازین و کاتی خۆشی بە گرانی و دوای هێنان و بردنێکی زۆر بەشداریان لە پرۆسەی سیاسی نوێی عێراق کرد، بە تۆمەتی تیرۆر و ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی دەبێت دادگایی بکرێن. بۆیە ئەمە قەیرانێکی جدیە و هەروەها هەڕەشەشە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی.  چۆن دەبێت جێگری سەرۆک کۆمار و وەزیر و کاربەدەستی دیکە تیرۆریست بن و کەچی رێگەیان پێداربێت بگەنە ئەم ئاستانە و بێدەنگیشیان لێکرابێت؟. پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر ئەم کەسانە بەمجۆرە ئاشکراو بەرچاوە کاری تیرۆریستیان ئەنجام داوە، چۆن حکوومەت و دەسەڵاتیان لەگەڵ پێکهێنراوە؟.

با بەجۆرێکی دیکە بڵێین رەنگە کەسانێک پێیان وابێت ئەمە مالکی دەیەوێت پێش لە گەشەکردنی کوردستان بگرێت و دەسەڵاتی سونە بکاتە کارتۆنی و بچوکی بکاتەوە و لەو کەسولایەنانەی ئابلوقە بدات کە پاشکۆی ئەون، ئەمە تەنیا لایەنێکی رووداوەکانە. بەڵام لە ئالەکەدی دیکەدا دەیەوێت لایەنە شیعەکانیش بچووک بکاتەوەو لەرێگەی ئەوەی نیشانی دەدات کە ئەو تاکە لایەنە دەتوانێت بەرگری لە مانەوە و بەرژەوەندییەکانی شیعە بکات، بۆیە ئەو دەیەوێت گوتارەکەی ئاراستەی شەقامی شیعە بکات. لەبەر ئەوە بەکردەوە عێراق لە قەیرانێکی سیاسی و ئیداری و هەتا ئەخلاقی و سایکۆلۆژی ترس و تۆقاندنە،بە پێی ئەم رەوشە سیاسییە گرگرتووە بێت  هاووڵاتی ئاسایی رۆژانە دەبێت کارەکانیان روبەرووی ژمارەیەک تیرۆریست بکەنەوە و هەروەها سەرۆک وەزیران دەبێت ناوی ئەنجوومەنەکەی بگۆڕێت بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی تیرۆریستان.

لە واقیعدا پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەسەر شێوە کۆنەکە دانەرێژراوەتە، بەڵکو لەسەر بنەمای کاری هاوبەش و هاوسەنگ رۆنراوەتەوە. ئەمەش ئەنجامەکەی ئەوەیە تا ئەو کاتەی پێویستیان بە یەکترە هاوبەش و یەکسان و  کەسانی نیشتیمانین، بەڵام کە دەگەنە خاڵی کۆکردنەوەی هێز و یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە ئاراستەی کۆنترۆلکردنی دەسەڵات، ئیدی ئەو نامەیەی زەرقاوی وەکو بنەمای ئەو عێراقە سەیری دەکرێت کە تائیفیەت و رەتکردنەوەی یەکتر و تێکشکاندنی هاوسەنگی هێز لەسەر بیناکراوە. 

هەواڵی پەیوەندیدار