پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون تا کۆتایی ئەمساڵ درێژ کرایەوە

ھەولێر-KDP.info- بە گوێرەی راگەیاندراوێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ماوەی مانگێک درێژ دەکرێتەوە.
بە گوێرەی راگەیاندراوێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاو كراوەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، وەک دەرفەتێک و رەخساندنی هەلی زیاتر بۆ هاووڵاتییان، لەسەر راسپاردەی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان، بۆ ماوەی مانگێك درێژ كراوەتەوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، پێشتر رۆژی 30/11/2023، وەک دوا وادە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە دیاری کرابوو، بەڵام بە بڕیاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پرۆسەکە بۆ ماوەی مانگێک و تا کۆتایی ئەمساڵ درێژ کراوەتەوە، ئەمەش وەک هەلی زیاتر و کارئاسانی بۆ ئەو کەسانەی، تاوەکوو ئێستا بەهەر هۆکارێک بێت دەرفەتیان لەبەردەستدا نەبوە فۆرمەکە پڕ بکەنەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ڕوونیش كراوەتەوە، رۆژی 8/8/2023، لەدوای تەواوکردنی رێکار و ئامادەکارییەکان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە رێوەڕەسمێکدا پرۆسەی دابەشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان راگەیاند، لەوکاتەوە زیاتر لە 22 هەزار خێزان لە سەرجەم ناوچەکان فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە.
هەر بەگوێرەی راگەیاندراوەكەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، یەکەکان زیاتر لە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونن و لە چوارچێوەی یاسای نیشتەجێبووندا دروست کراون، کە بەشێکیان تەواو کراون و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە.




