"سێ پارکی گەورە لە زاخۆ دروست دەکرێن"

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێ: سێ پارکی گەورە لەسەر ڕووبەری ٥٨٠ دۆنم زەوی لە شاری زاخۆ دروست دەکرێن و زۆربەی خزمەتگوزارییەکانی تێدا دەبێت و کاریگەرییان لەسەر زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی دەبێت.
جگەرخوێن تاھر، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارە سێ پارکی گەورە لەسەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروست بکرێن، دیزاین و نەخشەی ھەرسێ پڕۆژەکە پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرھێنانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کراوە و لە ساڵی ئایندەدا جێبەجێ دەکرێن.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەشڵێت: یەکێک لەو پارکانە پارکی سیپانە لەسەر ڕووبەری ٩٠ دۆنم زەوی لە چەندین بەش پێکھاتووە و سەرباری چەندین یەکەی گەشتیاری و زۆربەی خزمەتگوزارییەکانی تێدایە، دوو پارکەکەی دیکەش لەسەر ڕووبەری ١٧٠ دۆنم زەوی و ٣٢٠ دۆنم زەوی دروست دەکرێن.
جگەرخوێن تاھر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بە دروستکردنی ئەو سێ پارکە سەنتەری زاخۆ دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، بەتایبەتی لەڕووی زیادبوونی سەوزایی، بێگومان کاریگەری لەسەر ھاتنی گەشتیارانیش دەبێت بۆ شاری زاخۆ، ئەوە جگە لە ڕەخساندنی ڕێژەیەکی زۆری هەلی کار.
قائید میرۆ




