ئەکرەم ساڵح: ئومێدێکی زۆرمان هەیە کاندیدی ئێمە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین سەرکەوێت

دوزخورماتوو_KDP.info_ بەرپرسی لقی 22ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان گوتی: بانگەشە بۆ کاندیدی ئێمە لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین لە قەزای دوزخورماتوو بەردەوامە و تا ئێستا خەڵک پێشوازییەکی باشی لێ دەکات و ئومێدێکی زۆرمان هەیە کاندیدەکەمان سەرکەوێت و ببێتە نوێنەری خەڵکی خۆمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین.
ئەکرەم ساڵح ، بەرپرسی لقی 22ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لەبەر ئەوەی پارێزگای سەڵاحەدین هەندێک جیاوازترە لە پارێزگاکانی دیکە و تەنیا یەک قەزای دانیشتووانەکەی کوردە ئەویس قەزای دوزخورماتووە ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان یەک کاندیدمان هەیە، ئەویش تارا جەلال حەمیدە و ژمارە 12یە لە لیستی حەسمی وەتەنی بە ژمارە 219، بۆیە لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردن ئێمەش دەستمان پێکردووە و تیمەکانمان بەردەوام کاری بۆ دەکەن، تا ئێستاش وەڵامی خەڵک بۆ کاندیدەکان زۆر باشە و ئومێدی ئەوە دەکەین کاندیدەکەمان سەرکەوێت و ببێتە نوێنەری خەڵکی خۆمان لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ ئەوەی بەرگری لە مافی خەڵک بکات.
ئەکرەم ساڵح گوتیشی: ئێمە گەشبینین و هەموو تواناکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی کاندیدی ئێمە سەرکەوێت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بەڵام هەڵبژاردنە و تا کۆتایی پێنێت مرۆڤ نازانێت ئەنجامەکانی چۆن دەبێت، ئەوەی لەسەر ئێمە بێت کار دەکەین و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی کاندیدەکەمان سەرکەوێت، چونکە چالاکی بەردەوامە و خەڵکیش پێشوازی باشی لێ دەکەن و پشتگیری کاندیدەکەمانن.
تارا جەلال حەمید کاندیدی ژمارە 12 لە لیستی هاوپەیمانی حەسمی نیشتیمانی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین تاکە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
بڵند ئیبراهیم




