به رەکات شەمو: داوا لەدەنگدەرانی نەینەوا دەکەین بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان

کاندیدێکی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا داوا لەدەنگدەرانی نەینەوا دەکات ڕۆژی ١٨ی مانگی داھاتوو بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی بدەن دەشڵێ، پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا چەند بەھێزتربێت ئەوەندەش دەتوانێت کێشەکانی ھاووڵاتییان چارەسەربکات.
بەرەکات شەمو، کاندیدی ژمارە ١٨ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لەم قۆناغەدا ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ ئێمە زۆر گرینگە، چونکە چەندین کێشە بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە و پێویستی بە ھێزێکی وەک پارتی ھەیە بۆ ئەوەی کار بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانە بکات.
لیستی ١٩٧ی پارتی سەربکەوێت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان، بەتایبەتی ھێشتا ئێمە ١٦ یەکەی کارگێڕیمان ھەیە لەڕووی ئیدارییەوە سەربە نەینەوان.
کاندیدەکەی پارتی گوتیشی: ناوچەیەکی زۆری نەینەوا دەکەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، خەڵکێکی زۆرمان ھەیە قەرەبوو نەکراونەتەوە و چەندین گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش ھەن ھێشتا کاریان تێدا نەکراوە و حکوومەتی فیدڕاڵ کەمتەر خەمە.
بەرەکات شەمو داوا کرد: دەنگدەرانی سنووری پارێزگای نەینەوا ڕۆژی ١٨ی مانگی داھاتوو بەشداری پرۆسەی ھەڵبژاردن بکەن و لە مەخموور تا شنگال بەشدارییان ھەبێت و دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن بۆ ئەوەی مافەکانیان زامن بکرێت و بتوانن پێکەوە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن، لەبەر ئەوەی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا چەند بەھێزبێت ئەوەندە دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.
قائید میرۆ




