عەدنان کاکەیی: ئامانجی ئێمە لەو هەڵبژاردنە درووستکردنی ئیدارەیەکە خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک بەبێ جیاوازی بکات

کەرکووک_KDP.info_ کاندیدی ژمارە 3ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک گوتی: ئامانجی ئێمە لەو هەڵبژاردنە ئەوەیە ئیدارەیەکی رێکوپێک بێتە کایەوە و خزمەتی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی کەرکووک بکات بەبێ جیاوازی کردن، هەر لە کورد، عەرەب، تورکمان، پێکهاتە و نەتەوەکانی دیکەش.
عەدنان کاکەیی ، کاندیدی ژمارە 3ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دروشمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەی هەڵبژاردنی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردنە، چونکە پارتی لە سەرەتای دروستبوونییەوە کاری بۆ پێکەوەژیان کردووە و لە پەیڕەوی ناوخۆی خۆشی باسی کردووە، بۆیە ئامانجی ئێمە لەو هەڵبژاردنە ئەوەیە ئیدارەیەکی ڕێکوپێک بێتە کایەوە و خزمەتی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی کەرکووک بکات بەبێ جیاوازی کردن لەنێوان پێکهاتکان.
عەدنان کاکەیی گوتیشی: هەوڵمان داوە برایەتی لە کەرکووک بپارێزین، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشمان بە هێمنی دەست پێ کردووە و بەهێمنیش کۆتایی پێ دێنین، هەر بۆیە تائێستا ڕێگەمان نەداوە هیچ کەسێک لە هیچ پێکهاتەیەک بێزار بکەین، بەردەوامین و خەڵکیش پێشوازییەکی باشمان لێ دەکات و پاڵپشتمانن.
کاکەیی باسی لەوەشکرد: دەمانەوێت ئەو کاڵبوونەوەیەی پێکەوە ژیانەی لە شەش ساڵی ڕابردوودا درووست بووە نەمینێت و جارێکی دیکە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان بێ جیاوازی خزمەتیان بکرێت و پێکەوە بژین، چونکە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک دۆخێکی ناسەقامگیر درووست بووە، جیاوازی زۆر کراوە لەنێوان پێکهاتەکان، بەتایبەت تەعەدایەکی زۆر لە کورد کراوە و زەوی و پۆست لە کورد وەرگیراوەتەوە و خزمەتیان نەکراوە، بۆیە دەمانەوێت جارێکی دیکە مافی کورد بگەڕێتەوە و پێکهاتەکانیش هەموو وەکو یەک خزمەتیان بکرێت.
بڵند ئیبراهیم




