کاندیدی ژمارە 5ی پارتی لە کەرکووک: لیستی 197دەبێتە داکۆکیکاری مافەکانی خەڵکی کەرکووک

کەرکووک _KDP.info_ کاندیدی ژمارە 5ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: گەڕانەوەی بارەگای لقی 3ی پارتی لە کەرکووک پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ کاندیدانی لیستی 197بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە ئەو لیستە دەبێتە داکۆکیکاری مافەکانی خەڵکی کەرکووک.
حاجی خالید مەولود، کاندیدی ژمارە 5ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کرانەوەی بارەگای لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمیی لە کەرکووک بووەتە مایەی خۆشحاڵی خەڵکی خۆمان، چونکە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک هاوسەنگی هێز ڕادەگرێت و دەبێتە قورسایی و سەنگێکی گەورە بۆ کایەی سیاسی لە کەرکووک، بۆیە بە پەرۆشییەوە چاوەڕێی ئەو هەنگاوەمان دەکرد و ئێستاش زۆر دڵخۆشین، بەتایبەت ئێستا هەڵمەتی بانگەشە دەستیپێکردووە هەنگاوێکی گرنگە و پاڵپشتییەکی گرنگە بۆ کاندیدەکانی پارتی لە کەرکووک.
حاجی خالید گوتیشی: ئومێدێکی زۆرمان بە گەڕانەوەی بارەگای لقی سێی پارتی هەیە بۆ کەرکووک کە ببێتە مایەی سەرکەوتنی لیستی 197ی پارتی و کاندیدەکانی کە ئەولیستە دەبێتە داکۆکیکاری خەڵکی خۆشەویستی شاری کەرکووک و هەمووپێکهاتەکان و لە ڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگا خزمەتی ئەوشارە دەکات.
بڵند ئیبراهیم




