ساڵح حەیدەر: عەرەبەکانی نەینەوا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی لەکاتی تەنگانە تەنیا پارتی و سەرۆک بارزانی بەھانایانەوە دەچن

بەرپرسی لقی پارتی لە دەڤەری شێخان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بانگەشەی ھەڵبژاردن لە سنووری قەزای شێخان بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی بەڕێوەدەچێت و ھیچ ئاستەنگێک لەبەردەم ھیچ لیست و کاندیدێکدا نییە، دەشڵێ: عەرەبەکانی نەینەوا گەیشتوونەتە ئەو باوەرەی لەکاتی تەنگانەدا تەنیا پارتی و سەرۆک بارزانی بە ھانایانەوە دەچن.
ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی لە شێخان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: زۆربەی پێکھاتەکانی نەینەوا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئەوەی لە ڕۆژانی تەنگانەدا بەرگری لە خەڵکی نەینەوا دەکات بە ھەموو پێھاتەکانیەوە پارتی و سەرۆک بارزانین، دەتوانم بڵێم زیاتر لە ٨٠%ی خەڵکی نەینەوا ئەو باوەڕەیان بۆ دروست بووە،
بەرپرسی لقی پارتی لە شێخان گوتیشی: ئێمە لە سنووری قەزای شێخان ٢٢ی برایانی عەرەبمان ھەیە و زۆربەیان لەگەل پارتی دیموکراتی کوردستانن، یەکێک لە کاندیدەکانیش سەر بەو برا عەرەبااەیە لە سنوورەکە، واتە پێکھاتەی عەرەبی نەینەواش بەشێکی زۆریان دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی دەدەن.
ساڵح حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پارتی حزبێکە سەتا سەت پابەندە بە بڕیار و ڕێنمایەکانی مەرجەعی خۆی، لەبەر ئەوەش بانگەشەی ھەڵبژاردنی پارتی بەشێوەیەکی زۆر ھێمنانە بەڕێوە دەچێت و لەو سنوورانەی پارتی باڵا دەستە، تەنانەت ڕێگەمان نەداوە پۆستەری کاندیدی لایەنێکی دیکەش لابدرێت یاخود ناشیرین بکرێت، چونکە ئەوە فەرمانی سەرۆک بارزانییە و خەڵک ئازادە کێ خۆی کاندید دەکات و دەنگدەر دەنگ بەکام لیست و کاندید دەدات.
قائید میرۆ




