پارتی بەشکۆوە گەڕایەوە کەرکووک

کەرکووک_KDP.info_ کاندیدێکی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: ماوەی شەش ساڵە هیچ لایەنێک نەبووە بەرگری لە مافی کورد بکات، لەمەودوا پارتی دەبێتە ئەو هێزەی داکۆکی لەمافی خەڵک دەکات.
سەلام عەزیز ، کاندیدی ژمارە 7ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لەگەڵ کەرکووک و حیزبێکی سیاسییە لەسەر ئاستی عێراق پێگەیەکی بەهێزی هەیە و لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر بارەگاکانی سوتێندرا و تەقێندرانەوە، بەڵام خۆشبەختانە بە ڕێککەوتن پارتی ئەمڕۆ بەشکۆوە گەرایەوە بۆ کەرکووک.
سەلام عەزیز گوتیشی: ئەگەر چی پارتی لە کەرکووک هەمیشە هەبووە، ئەمڕۆ بە بارەگاوە بە هێزێکی زیاتر گەرایەوە بۆ کەرکووک و لەمەودوا لەسەر هەموو پرسەکان قسەی خۆی دەبێت و پشتگیری خەڵک دەکات بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانیان، چونکە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر هیچ هێزێک نەبووە داکۆکی لە مافی خەڵکی کەرکووک بکات، لەمەودوا پارتی دەبێتە ئەو هێزەی داکۆکی لەمافی خەڵک دەکات.
گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرکەوتنی زۆرترین کاندیدەکانی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەرگری لە مافەکانی خەڵک دەکات و خزمەتی هەموو پێکهاتەکان دەکات بەبێ جیاوازی، بۆیە چاوەڕێ دەکەین خەڵکی کەرکووک لیستی 197ی پارتی هەڵبژێرن و دەنگ بەکاندیدەکانی بدەن، بۆ ئەوەی پارتیش لەڕێگەی ئەنجوومەن ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کەرکووک.
بڵند ئیبراهیم




