فراکسیۆنی پارتی ڕەزامەندی چەندین پڕۆژە لە سنووری شێخان بەدەست دێنێ

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ڕەزامەندی لەسەر چەندین پڕۆژە بەدەست ھێناوە و دەڵێ: ڕێگایەکی ستراتیژی لە سەرەتای ساڵی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردن و وێستگەیەکی کارەباش دادەمەزرێت.
کاڤین شێخ سەعید، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ھەوڵێکی زۆر توانیومانە ڕەزامەندی بۆ دروستکردنی ڕێگای سەرەکی (ئالۆکا بۆس َڕیانی بەدریک) بەدەست بێنین لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پڕۆژەکە لە سەرەتای ساڵی ئایندە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و نزیکەی ١٠ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، ڕێگایەکی ستراتیژیە بۆ پارێزگاکانی دھۆک و نەینەوا و ھەولێر و ھەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: لە درێژەی پڕۆژەکانمان وێستگەیەکی ٣٣ کەیڤی لە ناحیەی ئەلقۆشی سنووری ناحیەی شێخان دادەمەزرێت و کاریگەری لەسەر باشتربوونی ڕەوشی کارەبای ناوچەکە دەبێت، ھەروەها سێ یاریگا لە سنوورەکە بۆ وەرزشوانان دروست دەکرێت.
کاڤین شێخ سەعید ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئێمە بەردەوامیش دەبین لەسەر وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری، داوامان کردووە پێداچوونەوە بە ژمارەی دانیشتوانی قەزای شێخان بکرێت، چونکە ھەرکات داوای پڕۆژە دەکەین ڕەزامەندی نادرێت ئەویش بەھانەیان ئەوەیە ژمارەی دانیشتوانی کەمە لەسەر ئیدارەی نەینەوا، بەڵام داوامان کردوە پێداچوونەوە بکرێت و ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی قەزای شێخان دیاری بکرێت.
قائید میرۆ




