یەکێتیی ئافرەتان: بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی کۆمەڵێک چالاکی ئەنجام دەدەین

هەولێر-KDP.info- سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەین.
سکرتێری یەکێتیی ئافرهتانی کوردستان، دکتۆرە ڤیان سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ماوەی سێ ساڵە نەخشەڕێگایەکی تایبەت بە خۆمان هەیە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی توندوتیژی و کارکردنیشمان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لەسەر هزرە، کە ئەوە هۆکارێکە دەبێتە هۆی توندوتیژی و هەمووی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە پەیامی ئێمە لەو روانگەیەوە بۆ هەردوو رەگەزەی ئافرەت و پیاوە و دروشمی ئێمەش ئەوەیە بوەستە و بیرکردنەوەکانت بگۆڕە و ئافرەت ناکرێت تەنها تەماشا بکرێت وەکو جەستە، بەڵکو ژیانە و دەبێ لەو رێگەیەوە کار بکەین ئافرەت خاوەن بڕیارە و ماف و بەرهەمی هەیە".
د. ڤیان دەشڵێ: "پێویستە هەمووان لەوە تێبگەن کە ئافرەت شەریکی ژیانە و ناکرێت وەکو کاڵا سەیری ئافرەت بکرێت، لایەنی دووەمیش پیاوە کە ئەویش بە چاوێکی کەم سەیری ئافرەت نەکات و چۆن خۆی بە خاوەن بڕیار و بەرهەم دەزانێت، ئافرەتیش بە هەمان شێوە، بۆیە پێویستە هەردووکیان خاوەن بڕیار و بەرهەم بن و تەواوکەری یەکتری بن و شەریک بن".
گوتیشی: "پێویستە پیاو، ئافرەت بە هاوبەشی ژیانی خۆی بزانێت نەک بە موڵکی خۆی و هەموو هزرە چەوتەکان لە مێشکی خۆی لاببات، بۆیە پێویستە کەڵک لە شتە باشەکانی کۆمەڵگا وەرگرین و خراپەکانیش بدەینە لا و کار بکەین ئافرەت و پیاو لە هەموو دەسەڵاتەکان یەکسان بن و تەنها توانا و کارامەیی لێکیان جیا بکاتەوە نەک رەگەز".
ئاماژەشی دا: "ئەمساڵیش بە هەمان شێوە لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، ئێمەش کار دەکەین، هەر چەندە ئێمە بەرەو کۆنگرە دەچین و نزیک بووینەتەوە، بەڵام هەر بەردەوام دەبین لە کاری خۆمان و گرنگی بەو یادە دەدەین".
د. ڤیان ڕوونیشی دەکاتەوە: "وەکو چۆن لە هەرێمی کوردستان گرنگی بە پێکەوەژیان دەدرێت، گرنگی بە خێزانیش دەدرێت بۆ ئەوەی خێزان بە بێ توندوتیژی بێت و بە ئارامی بژین، حکوومەتی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمیش بایەخی زۆر بە خێزان و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دەدات و ئێمەش کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆرمان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەبێت".
بڵند ئیبراهیم




