٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی پێویستە بۆ بەغدای ڕەوانەکردووە ئێستا ئەركی عێراقە پشکی هەرێم ڕەوانە بکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا _KDP.info _ بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی لەسەر بووە پابەندبووە و ئامادەشە هەرچی ڕێکار هەیە جێبەجێی بکات و تەواوی زانیارییەکانیشی بۆ بەغدا ڕەوانەکردووە، بۆیە پێویستە بەغداش پابەندی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان بێت و بەپێی دەستوور  مامەڵە لە گەڵ هەرێمی کوردستان بکات.

شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەداخەوە بەغدا نیەتی خراپە و نایانەوێت هەرێمێکی بەهێز هەبێت، هەرچەندە نیەتی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان باشە بەتایبەت سەرۆک وەزیران، بەڵام هەندێک پیلانی ناوخۆ و دەرەکی دژی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەگەر نا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نیەتێکی ساف و  بە ڕاستگۆیی هیچی  بۆ بەغدا نەهێشتۆتەوە بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندبووە و هەرچی پێویست بووە کردوویەتی و ئامادەی  هەر کارێک بووە بۆ پێدانی زانیاری بۆ ئەوەی بەغدا پابەند بێت، بۆیە ئێستا ئەرکی عێراقە پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.
شوان کەلاری گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیووە هەرچی ڕێکاری پێویستە بگرێتە بەر و جێبەجێی بکات ، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکان و بەرگری کردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەمانەوێت مافەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور بدرێت، لای ئێمە بنەماکانی تەوافق و شەراکەت و تەوازن کە عێراق لەسەری دمەزراوە بنەمان و پێویستە مافەکانی هەرێم بەپێی دەستوور بدرێت، ڕێگە نادەین پیلان دژی هەرێمی کوردستان سەربگرێت و بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان  و ڕێگە نادەین زیان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگات.
گوتیشی: هیچ کاتێک ڕێگە نادەین وەکو پارێزگا مامەڵە لە گەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و پێویستە وەکو هەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، دەکرێت پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت و هەرێمی کوردستان و حکوومەت ئامادەن هەرچی زانیاری پێویستە بۆ بەغدا ڕەوانەی بکەن و ڕەوانەش کراوە و هیچ بیانوویەک بۆ عێراق نەماوە پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکات.

بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار