٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەو سێ بەرھەمە بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان کراون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ رایدەگەیەنێت، حکوومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت لەسەر ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بۆ بازاڕەکانی جیھان و دەڵێت، ھەموو ئەو بەرھەمانەی ھەناردە کراون، لە تاقیگەی پێشکەوتوو دەرچوونە و لە ڕووی زانستییەوە کوالێتییان زۆر بەرزە. 

کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت لەسەر ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بۆ بازاڕەکانی جیھان، ئەو بەرھەمانەی ئەمساڵ ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە کراون، بە پلەی یەکەم بەرھەمی پەتاتەی ناوخۆ بوو، دوای ئەویش ھەناری ھەڵەبجە و زاخۆ لەگەڵ سێوی بەرواری، ئەو سێ بەرھەمە بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان کراون، بەرھەمی دیکەش ھەبووە لەوانە برنجی ئاکرێ، سماق، ھەنگوین و تەحینی ئامێدی، پلانیش ھەیە بەردەوامی بە ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بدرێت، بۆ ئەوەی پشتیوانی لە جووتیاران بکەین بە مەبەستی بەبازاڕکردنی بەرھەمەکانیان".

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی:"سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم و بە تایبەتیش سەرۆکی حکوومەت مەسروور بارزانی ئەوەیە، تا لە توانای حکوومەتدا بێت گرینگی بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ بدرێت، بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیارانیش دەبێتە ھاندەرێکی باش بۆ جووتیارەکانی ئێمە تا زیاتر گرینگی بە کەرتی کشتوکاڵ بدەن و بەرھەمی ناوخۆ زیاد بکرێت". 

کەریم سلێمان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەو بەرھەمانەی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان کراون، پێشتر لە تاقیگەی پێشکەوتوو پشکنینی زانستییان بۆ کراوە، لە ڕووی فیزیایی و کیمیایی لە پشکنین دەردەچن ئینجا ھاوردەی دەرەوە دەکرێن، بەپێی ئەو پشکنینەی بۆ بەرھەمی ھەرێمی کوردستان کراوە، لە ڕووی کوالێتیەوە بەرھەمی زۆر باشن".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار