سەیدو چەتۆ: پارتی حزبی کردارەکانە و نەینەوا ئاوەدان دەکاتەوە
__2023_11_22_h17m58s6__HK.jpg)
بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە نەینەوا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پارتی حزبی کردارەکانە و دوای ھەڵبژاردن بە ڕێککەوتن حکوومەتی خۆجێیی نەینەوا پێکدێنین، دەشڵێ: کار دەکەین ژمارەی کورسییەکانی ڕابردوو بەدەست بێنینەوە.
سەیدو چەتۆ، بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بانگەشەی ھەڵبژاردن لە سنووری پارێزگای نەینەوا بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و کاندیدانی پارتی بەردەوامن لە بانگەشە لە ھەموو ناوچەکانی پارێزگاکە، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە تا ئێستا ھیچ کێشە و ئاستەنگێک دروست نەبووە و پارتی گەورەترین مەراسیمی بۆ لیستەکەی کرد کە تا ئێستا کەس نەی کردووە.
بەرپرسەکەی پارتی گوتی: ئێمە لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو نۆ کورسیمان بەدەست ھێنابوو، ئەمجارەش کار بۆ بەدەست ھێنانی کورسییەکانمان دەکەینەوە، بەپێی پێشبینی ئێمە و ئامادەکارییەکانی پارتی لیستی یەکەمی پارێزگای نەینەوا دەبێت.
سەیدو چەتۆ ڕوونی کردەوە: دوای ھەڵبژاردن لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ڕێککەوتن لەگەڵ کوتلەکانی دیکە حکوومەتی خۆجێیی نەینەوا پێک دێنین و پۆستەکانیش بەپێی ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن دابەش دەکرێن، بەرنامەی پارتی بۆ چوار ساڵی داھاتوو دەخرێتە بواری جێبەجێکردن و شاری مووسڵ و پارێزگای نەینەوا لەسەر دەستی پارتی ئاوەدان دەکرێتەوە، چونکە ئێمە حزبی کردارین و ڕابردووش شاھێدی بۆ کارەکانی پارتی دەدات.
قائید میرۆ




