٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات قەرەبووی گەلی کوردستان بکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا_KDP.info_  جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: داوامان لە محەمەد شیاع سوودانی کرد قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە ڕژێمەکانی عێراق لە گەلی کوردستانیان داوە.

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لەژێر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و لە چوارچێوەی پابەندبوونمان بە خزمەتکردنی گەلی کوردستان، نووسراوێکی فەرمیمان لە ڕۆژی 19ی 11ی 2023 ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و تێیدا ئاماژەمان بەوە کرد، پێویستە کار بە دەستوور و یاسای قەرەبووکردنەی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان و هەڵە سەربازییەکان _ ژمارە 20ی ساڵی 2009 بکرێت و دەبێ (شەهیدان و شوێنبزربووان، ئەوانەی تووشی پەککەوتنی تەواوەتی یان بەشەکی بوونەتەوە، ئەو زەرەرانەی بەر موڵک و ماڵەکان دەکەون لەگەڵ ئەو زەرەرانەی کە پەیوەندییان بە وەزیفە و خوێندنەوە هەیە) قەرەبوو بکرێنەوە.

گوتیشی:  بەپێی یاسای قەرەبووکردنەوەی موڵک وماڵی زەرەرمەندبووانی دەست ڕژێمی پێشوو، ژمارە 16ی ساڵی 2010، کە قەرەبووکردنەوەی سەرجەم زەرەرمەندبووانی دەست ڕژێمی پێشوو دەگرێتەوە لە ساڵی 1968ەوە تا ساڵی 2023، هەر لەو نووسراوەدا جەختمان لەوە کردەوە، ڕژێمی پێشوو سەدان هەزار کەسی سڤیلی لە گەلی کورد ئەنفال کردووە، لەنێویشیاندا هەشت هەزار بارزانی و هەزاران کوردی فەیلی، جگە لەوەی 4500 گوندی کوردستان وێران کراون، چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی لە زۆر ناوچەی هەرێمی کوردستان بەکار هێناوە کە یەکێک لەوانە هەڵەبجەیە  ملیۆنەها (مین)یشی چاندووە و بۆتە هۆی زیانگەیاندنی جەستەیی و ئابووری کە هەوڵ و شارەزایی و پارەیەکی زۆری دەوێت تا لادەدرێت.

مەریوان قەرەنی باسی لەوەشکرد: لە نووسراوەکەدا بۆ محەمەد شیاع سوودانیمان ڕوون کردۆتەوە هەموو ئەو کارانەی ئاماژەمان پێ داون ، لە روانگەی یاساییەوە بەرپرسیارێتی دروست دەکات ، بەهۆی بوونی ڕوکنەکانی (هەڵە ، زەرەر و پەیوەندیی هۆکاری)، لەبەر ئەوە پێویستە وەک سزایەک بەرامبەر بەو بەرپرسیارێتییەی دروست بووە ، لە بەرامبەر ئەو زیانە گەورە و مەترسیدارەی کوردستان پێی گەیشتووە وەک گەل و وەک خاک دەبێ قەرەبوو بکرێتەوە، ئەمەش جگە لەوەی ئەو بەرپرسیارێتییەی حکوومەتی عێراق بە تێپەڕبوونی زەمەن لەناو ناچێت ، چونکە ئەو تاوانانەی کراون بەرامبەر بە گەلی ئێمە، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆسایدن و هەموویان بە تاوانی نێودەوڵەتی دادەنرێن، هەروەک دادگای تاوانەکان و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دانیان پێدا ناوە.

لە کۆتاییشدا باس لەوەشدەکات: جەختمان کردەوە دەبێ حکوومەتی فیدڕاڵی قەرەبووی سەرجەم ئەو زەرەرانە بکاتەوە جا چ بە کەسەکان کەوتووە چ بە موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوە کەوتووە، چ بەر ژینگە کەوتووە لە پیسکردن و لەناوبردن، لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری بەرامبەر بەو تاوانانەی کە ڕژێمی پێشوو دەرهەق بە گەلی کوردستان کردوویەتی.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار