بەشی هەڵبژاردنی پارتی: ئێمە ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

هەولێر_KDP.info_ بڕیاردەڕی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی باش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە کردووە و ئێستا تەنیا ماوەی کۆمسیۆن تەمەنی درێژبکرێتەوە و ئەوکارە بکرێت هیچ ڕێگرییەک لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن نامینێت، بۆیە هەرکاتێک هەڵبژاردنیش بکرێت پارتی ئامادەیە.
نیازی حەمە عەزیز، بڕیاردەڕی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە چەند ڕێوشوێنێک هەیە، بەتایبەت درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی عێراق کە پەرلەمان خەریکی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنە، ئێمەش وەکو پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین لە کاتی خۆیدا و بەڵگەش ئەوەیە .. چەندین جار سەرۆکی هەرێم باسی لەوە کردووە، پارتیش لە زاری وتەبێژی خۆی ئەوەی ڕوونکردۆتەوە کە هەڵبژاردن بکرێت، سەرۆکی هەرێم لە کۆنگرەی دهۆکیش دووپاتی کردەوە، سووربوونی پارتیش لەسەر ئەوەی لەکاتی خۆی هەڵبژاردن بکرێت پرەنسیپە، پارتی هەنگاوی بۆ ناوەو کە کۆمسیۆن لەپێناو ئەو هەڵبژاردنە تەمەنی درێژدەکرێتەوە.
نیازی حەمە عەزیز گوتیشی: ئێمە وەکو بەشی هەڵبژاردن و بەرپرسی بەش ڕۆژانە کۆبوونەوە و چالاکی ئەنجام دەدەین، لە خولی ڕاهێنەران و بەرپرسانی بەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان، چونکە ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەردەوامە بۆیە ئێمە لە ئیش و کاری بەردەوام داین و پێمان وایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا دەکرێت، چونکە پارتی بڕوای بە سیستەمی دیموکراسی لە هەرێم و عێراقیش هەیە، بۆیە لە کار و ئامادەکاری بەردەوامداین.
حەمە عەزیز باسی لەوەشکرد: هەر کاتێک بڕیار بۆ ئەنجامدان و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن بدرێت ئێمە کاری بۆ دەکەین، چونکە پارتی بە گەرموگوڕی بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات، بۆیە بەجۆرێک خۆمان ئامادە دەکەین کە دەکرێت، ئەگەر کۆمسیۆنیش درێژبکرێتەوە هیچ ڕێگرییەک نامینێت و ئێستاش کارەکان بەڕێکوپێکی بەڕێوە دەچن و یاسای هەڵبژاردنیش قسەی لەسەرە کە لایەنی سیاسی هەیە سکاڵای تۆمار کردووە لە دادگا دەستکاری بکرێت، ئەویش هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە و بۆ مانگی 12 دواخراوە، بۆیە یاسایەکە هەر چۆنێک بێت بەلای پارتییەە نابێتە گرفت، چونکە پارتی جەماوەرێکی گەورەی لە هەرێم و عێراق هەیە و هیچ کات لە هەڵبژاردن نەترساوە و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنیش دروست کراوە لەلایەن پارتییەوە و لیژنە لاوەکییەکانیش کاری خۆیان دەکەن، بۆیە ئێمە بە جۆرێک لە ئامادەکاری داین کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستانیش دەکرێت.
بڵند ئیبراهیم




