د.خەلیل غازی: ئەو بڕیارانەی دراون کاریگەرییان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دۆلار دەبێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد: بەپێی نوێترین پلانی حکوومەتی فیدڕاڵ چەندین بڕیار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دۆلار دەخرێنە بواری جێبەجێکردن و دەشڵێت: لەکاتی کڕینی ھەندێ کەلوپەلی وەک زێڕ و ئۆتۆمبێل و مۆبایل دۆلار بەنرخی فەرمیی وەردەگیرێت.
د.خەلیل غازی دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ژمارەیەک بڕیار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دراون، لەوانەش لەکاتی کڕین و فرۆشتنی زێڕ و ئۆتۆمبێل و مۆبایل و جگەرە نرخی سەد دۆلار بەرامبەر بە ١٣٢ ھەزار دینار ھەژمار دەکرێت، واتە بەو نرخی فەرمییەی حکوومەت دیاری کردووە مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەگوێرەی ڕاسپاردەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش چەندین بڕیار لەبارەی ڕێکخستنی بازرگانی دراون.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەشڵێت: چەندین بڕیار و ڕێنمایی لەلایەن ئەنجوومەنی ئابووری بۆ ڕێکخستنەوەی نرخی کەلوپەل دەردەکرێن، ئەویش بە مەبەستی دروستکردنی سەقامگیری لە بازاڕ و کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی.
د.خەلیل غازی دۆسکی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەو ھەنگاوانەی دەگیرێنەبەر کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی دۆلار دەبێت لە بازاڕدا، لەبەر ئەوەی بازرگانان بە نرخی فەرمیی حکوومەت و بەگوێرەی سیستەمی بانکی ناوەندی دۆلار دەگۆڕنەوە و تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر سەقامگیری بازاڕ دروست دەکات.
قائید میرۆ




