له كۆبوونهوهی ئهمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران دا سێ تەوەری گرنگ گفتوگۆیان لهبارهوه دەکرێت

ههولێر-KDP.info- بە سەرپەرشتیی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە و سێ تەوەری گرنگ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی راژەی گشتی، راپۆرتێک سەبارەت بە میلاکی گشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەرەنجامی پرۆسەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان دەخاتە ڕوو.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیری داد و وەزیری هەرێمی كوردستان بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان، تایبەت بە دیاریکردنی چوارچێوەی یاسایی ئەو یاسا و بڕیارانەی پەرلەمانی کوردستان، کە لە دوای 6ی تشرینی دووەمی 2022، کەوتوونەتە واری جێبەجێکردن.
لە بڕگەی سێیەم و کۆتاییدا، دوو بابەت دەخرێنە ڕوو، سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەکانی یاسای چاکسازی، کە لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران پێشنیاز کراوە بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.




