لیستی پارتی لە کەرکووک: پلان و بەرنامەی تایبەتمان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان ھەیە
__2023_11_18_h19m43s38__HK.jpg)
کەرکووک_KDP.info_ بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گوتی: دوای گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، پلان و بەرنامەی تایبەتمان هەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانیش، چونکە تا پارتی لە کەرکووک نەبێت خەڵک شارەکە بە ئارام نازانێت بۆ گەڕانەوە، بۆیە دەمانەوێت زۆرترین کورسی بەدەست بێنین و ئاوارەکان بگەڕێنەوە و هەموو پێکهاتەکان پێکەوە بژین بێ جیاوازی.
مەسعود ملا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەرنامەیەکی تایبەتمان هەیە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی کەرکووک و دەمانەوێت چیتر خەڵکی خۆشەویستی کەرکووک لە ئاوارەییدا نەبن و بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چونکە کەرکووک بەردەوام شارێک بووە تەعریب کراوە و لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر خەڵک ئاوارەبووە، بۆیە دەمانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ وحاڵی خۆیان، ئاوارەکانیش بە گەڕانەوەی پارتی دڵخۆشن و دەزانن گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک واتا گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەوشارە، کاتی پارتی لە کەرکووک بێت خەڵک هەست بە ئارامی دەکات و دەزانن ڕێگە نادرێت تەعەدایان لێ بکرێت.
مەسعود مەلا پەروێز کاندیدی ژمارە دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لیستی 197ی پارتی لە کەرکووک گوتیشی: ئاوارەکانیش پشتگیری لە لیست و کاندیدانی پارتی دەکەن و دەیانەوێت پارتی سەرکەوتن بەدەست بێنێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵەکانیان و کۆتایی بە ئاوارەییان بێت، لەبەر ئەوەی چەندین ساڵە کە پارتی لە کەرکووک نەبووە ئەوانیش نەگەڕاونەتەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بە گەرانەوەمان بۆ کەرکووک ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە، لەبەر ئەوەی کەرکووک بەردەوام هەڕەشەی تەعریبی لەسەرە و ئەم هەڵبژاردنەش بۆ کورد چارەنوسسازە و کوردیش هەست بەو مەترسییە دەکات، هەموو کارێکیش دەکەین بۆ ئەوەی پارتی زۆرترین کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەدەست بێنێت بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بە تەعەداکردن و تەعریب و پێشێلکردنی مافی کورد بێنین و جارێکی دیکە دەسەڵات لەو شارە بۆ کورد بگەڕێتەوە و هەموو پێکهاتەکان بە ئارامی لە کەرکووک بژین.
بڵند ئیبراهیم




