٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لوقمان عەبدولقادر: ئێمە لەگەڵ چارەسەرکردنی بریندارانی ھەڵەبجە لە عێراق نین

سەرچاوە: KDP.info

سەرۆکی کۆمەلەی قوربانیانی ھەڵەبجە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئێمە لەگەڵ ئەوە نین نەشتەرگەری بۆ بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لەناو عێراق بکرێت، داوامان لە حکوومەتی فیدڕاڵ کردووە خەرجی نەشتەگەرییان ڕەوانەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران بکات بۆ ئەوەی لەوێ نەشتەرگەریان بۆ بکرێت.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەھۆی کاریگەری چەکی کیمیایی بەردەوام بەرکەوتوانی ئەو چەکە ڕەوشی تەندروستییان ئالۆزە، پێشتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی ڕەوانەی وڵاتی ئێران دەکرد بۆ چارەکردن، بەھۆی قەیرانی دارایی و ھاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە پرۆسەکە ڕاگیرا، ژمارەیەک تیمی پزیشکی لە ئێرانەوە ھاتوونەتە ھەڵەبجە و بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی ٦٤ بەرکەوتوو پێویستییان بە دەرەوەی وڵاتە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵبەبجە گوتیشی: لە ڕێگەی پەرلەمانتارانی ھەڵبەبجە یاداشتێک دراوەتە حکوومەتی عێراق و لیژنەیەک لە بەغداوە سەردانی ھەڵەبجەی کردووە، لەو ٦٤ کەسە ١٩ کەسیان دیار کرد کە پێویستییان بە چاندنی گلێنەی چاو ھەیە، بەدواداچوونمان بۆ کرد حکوومەتی فیدڕاڵ نەشتەگەرییان لە عێراق بۆ دەکات.

لوقمان عەبدولقادر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئێمە لەگەڵ ئەوەدانین نەشتەرگەری گلێنەی چاو بۆ بەرکەوتوان بکرێت، بە پێچەوانەوە داوامان کردووە ئەو خەرجیەی حکوومەتی عێراق دەیکات بیخاتە سەر حیسابی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران بۆ ئەوەی لەلایەن پزیشکانی ئێرانەوە نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت، داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەکەین پرۆسەی ڕەوانەکردنی بەرکەوتوان دەست پێبکاتەوە.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار