لەسەر داواکاری پارتی لەمەودوا لە کەرکووک بە زمانی کوردی زانیاری بە میدیاکان دەدرێت
_(4)__2023_11_18_h15m23s18__ER.jpg)
کەرکووک_KDP.info_ ڕێپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گوتی: دوای ئەوەی داوامان کرد پێویستە لە کۆمسیۆن بە کوردی زانیاری بەمیدیاکان بدرێت، داواکاریەکەی ئێمە قبوڵکراوە و کەسێک دیاری کراوە بە زمانی کوردی لێدوان بۆ میدیاکان دەدات.
سامان ڕەشید، رێپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە ماوەی ڕابردوو نووسراومان بۆ کۆمسیۆن کرد و داوامان کرد بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری میدیای کوردی لە کەرکووک هەن پێویستە بەزمانی کوردی لێدوان بۆ میدیا کوردییەکان بدرێت، بۆیە کۆمسیۆن داواکاریەکەی ئێمەی قبوڵکردووە و ئێستا کەسێکیان دیار کردووە بە زمانی کوردی لێدوان بۆ میدیا کوردییەکان دەدات.
سامان ڕەشید باسی لەوەشکرد: نوژەنکردنەوەی بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، چاوەڕێ دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو بکرێتەوە و بەفەرمیی تێیدا دەوام بکرێت، بۆ کردنەوەی بارەگاش مەراسیممان دەبێت.
گوتیشی: پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوە دەچێت و کاندیدانی ئێمە لە بانگەشە بەردەوامن و چاوەڕێ دەکرێت لەماوەی داهاتوو پرۆسەکە گەرموگوڕتربێت، بۆیە ئێمە دەمانەوێت بانگەشە بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوە بچێت.
بڵند ئیبراهیم




