ئامال مزووری: خەڵکی نەینەوا بە گشتی ھاوکارن بۆ سەرخستنی لیستی پارتی

نەینەوا-KDP.info- کاندیدێکی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دهڵێ، خەڵکی سنووری نەینەوا بە شێوەیەکی گشتی زۆر ھاوکارن بۆ سەرخستنی لیستی ١٩٧ی پارتی لە پارێزگای نەینەوا و دەشڵێ، خەڵکی نەینەوا پشتگیریی لیستی پارتی دەکەن.
ئامال عەلی مزووری، کاندیدی ژمارە ٢٠ی لیستی پارتی لە پارێزگای نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "خەڵکی سنووری نەینەوا بە شێوەیەکی گشتی زۆر ھاوکارن بۆ سەرخستنی لیستی ١٩٧ی پارتی لە پارێزگای نەینەوا، چونکە تەحەددای زۆر لەسەر خەڵکی پارێزگاکە ھەن و رووداوەکانی ساڵی ٢٠١٤ باشترین بەڵگەن لە بەردەستی دەنگدەرانی نەینەوا، بۆ ئەوەی بزانن کێ ھاوکاریی کردوون و بەرگریی لێیان کردووە، ھەر ئەو لایەنەش دهکەنە نوێنەری خۆیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا".
کاندیدەکەی پارتی گوتیشی: "پێش ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، شوێنپەنجەی نوێنەرانی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دیار بووە و چەندین پڕۆژە و خزمەتگوزاری لەسەر دەستی پارتی دابین کراون".
ئامال عەلی مزووری، کاندیدی ژمارە ٢٠ی پارتی لە نەینەوا روونی کردەوە: "لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەبینە بەرگریکاری ھاووڵاتیان و دەنگدەرانی خۆمان، بە تایبەتی وەک ئافرەت ھەموو توانایەک دەخەمە گەڕ بۆ خزمەتکردنی چینی ئافرەتان لە سنوورەکە، چونکە بە ھۆی ئەو کارەساتانەی بەسەر خەڵکی نەینەوادا ھاتوون، پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە ھەیە".
قائید میرۆ




