سبەی کۆڕبەندی دھۆک بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

دهۆک-KDP.info- بڕیارە سبەی چوارەم کۆڕبەندی دھۆک بۆ ئاشتی و ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی لە دھۆک دەست بە کارەکانی بکات، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی ئەمەریکی لە دھۆکیش دەڵێ، لەسەر ئاستی باڵای ھەرێم و ناوچەکە بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا دەکەن.
ھەڵمەت کێستەیی، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی ئەمەریکی لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "سبەی یەکشەممە کۆڕبەندی دھۆک بۆ ئاشتی و ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، رۆژی یەکەم ژمارەیەک وۆرکشۆپ لەلایەن کەسانی شارەزا و تایبەتمەندی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوە دەبرێن و تێیاندا باس لە تەوەرە گرینگەکانی ئەمنی و سیاسی لە رۆژھەڵاتی ناڤین دەکەن، رۆژانی دووەم و سێیەم بە ئامادەبوونی بەرپرس و کەسایەتییەکانی بەشێک لە وڵاتانی جیھان و ناوچەکە تەوەرەکانی کۆڕبەندەکە دەخرێنە ڕوو".
بەرپرسەکەی زانکۆی ئەمەریکی لە دھۆک دەشڵێت: "لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت بەشداردەبن لە کۆڕبەندی ئەمساڵدا، چەندین بەرپرسی دیکەی وڵاتانیش بەشدار دەبن، لەوانەش سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا و نوێنەری وڵاتانی کەنداو و پەرلەمانتار و وەزیرانی پێشووی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق".
کێستەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "کۆڕبەندەکە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت، جیھان و ناوچەکە لە بەردەم کۆمەڵێک ئالنگاریدان، بە تایبەتی پرسی پەیوەندیی ھەولێر و بەغدا لە کۆڕبەندەکەدا دەخرێتەڕوو، ھەروەھا یەکێک لە ئەگەری ئەنجامدانی کۆڕبەندەکە لەم کاتەدا، بۆ ئەوەیە تەحەددای ئەوە بکەین کە چەندین کێشە لە جیھان ھەن، وەک شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە لە کۆڕبەندەکەدا باسیان لێوە بکرێت".
قائید میرۆ




