٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

نەورۆز و فەتوای حەرامكردنی

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

جەژنی نەورۆز هاتەوە و بە هەموو مانا و دەلالەتە نەتەوەیی و سروشتییەكانییەوە یاد دەكرێتەوە.

پاشی دوو سەدە و نیو لە یادكردنەوەی ئەم جەژنە لەلایەن كورد و گەلانی ئێران و ئەفغان و ئاسیای ناوەڕاست و بەشێك لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوینەوە، لە 10/5/2010 دا و لە 64 ـەمین كۆبوونەوەی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ددان نرا بە جەژنی نەورۆزدا. هەر ئێستا لە جیهاندا 300 ملیۆن كەس یادی نەورۆز دەكەنەوە و ئاهەنگ دەگێڕن. وەلێ لە پێشوازی ئەم جەژنەدا، هەموو كردەوەكان بریتی نین لە خۆشحاڵی و خۆسازكردن بۆ یادكردنەوە. بەڵكو جۆرێكی دیكەی پێشوازیش هەیە دژییەتی و بانگەشە بۆ رەتكردنەوەی دەكات و فەتوای حەرامكردن و تەكفیری دەردەكات.

 

حەرامكردنی نەورۆز

ئەمساڵ لە پێشوازی نەورۆزدا، مەلایەكی لەمەڕ خۆمان فەتوای حەرام كردنی دەركردووە و هەر لە بناغەوە بە جەژنی دانانێ و یادكردنەوە و ئاهەنگێڕانیشی بەو بۆنەیەوە بۆ موسڵمانان بە جائیز نازانێ.

(مەلا عبدالصمد) نەورۆز بە بیدعە لەقەڵەم دەدات و لەوەیش زیاتر هەموو بۆنە و جەژنێكی نیشتمانی و نەتەوەیی بەلای ئەوەوە ناشەرعین و دەڵێ نەك هەر بەبەشداری و یادكردنەوەی بەڵكو تەنانەت هەر كەسێكیش لە نەورۆزدا شتێك بكڕێ كە پێشتر نەیكڕیوە، بەو كارەی كافر دەبێ.

ئامارەكانی سەرەوە دەیسەلمێنن كە ئەم مەلایە نەورۆزی تەكفیر كردووە واتە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی تەكفیر كردووە. واتە 300 ملیۆن كەسی بە كافر لەقەڵەم داوە.

 

پاساوە شەرعییەكانی ئەم فەتوایە

بێگومان ئەم مەلایە هیچ ئایەتێكی قورئانی پیرۆز، یان فەرموودەیەكی پێغەمبەر (د.خ) یان قسەی یەكێك لە خولەفای راشیدین یان هاوەڵان و سەلەفی ساڵح (خوا لێیان رازی بێ) پێ نییە تا بیكاتە سەندی شەرعی بۆ حەرامكردنی نەورۆز، بۆیە خۆی ئیجتیهادی كردووە لەم پێناوەدا.

ئەو پاساوانەی ئەم مەلایە دای تاشیون بۆ سەلماندنی ئەوەی كە نەورۆز بیدعەیە و یادكردنەوەی كوفرە ئەمانەی خوارەوەن:

1- مەلا عبدالصمد دەڵێ: موسڵمان تەنیا دوو جەژنی هەیە و جگە لەوان هەموو جەژنێكی دیكە بیدعە و كوفرن.

ئەم ئیجتیهادە لەسەر هیچ بنەمایەكی شەرعی رانەوەستاوە، بەتایبەتی كە نەورۆز لەلای كورد و هەموو گەلانی ناوچەكە جەژنێكی ئایینی نییە، بەڵكو بۆنەیەكی مێژوویی و رۆژێكی نوێیە وەكوو نیشانەی سەری ساڵ. لەلایەكەوە پەیوەندی بە كۆتایی هاتنی جەورو ستەمی حاكمێكی زاڵم و دامەزراندنی دەسەڵاتێكی دادپەروەرەوە هەیە. لەلایەكی تریشەوە پەیوەندی بە وەرگەڕانی وەرزی ساڵ و كۆتایی هاتنی زستانی سارد و سەخت و دەستپێكی بەهاری بوژانەوە و جوانییە. بۆیە نەورۆز و ئاهەنگ گێڕان بۆ یادكردنەوەی بیدعە نییە چونكە جەژنێكی ئایینی نییە. بەڵكو ئەوەی بیدعەیە فەتواكەی مەلا عبدالصمدە كە حوكم لەسەر نەورۆز دەدات و تەكفیری دەكات بە قیاسی ئەوەی جەژنێكی ئایینیە و بەراوردی دەكات بە جەژنی رەمەزان و قوربانی موسڵمانان.

خۆ ئەگەر لەم قیاسەیدا هەڵكردنی ئاگری كردبێتە بەهانە ئەوا لە رۆژگارێكدا كە هیچ ئامڕازێكی پەیوەندی و راگەیاندن نەبووە، ئاگر هەڵكراوە بۆ راگەیاندنی شۆڕشەكەی (كاوەی ئاسنگەر) و لە لایەكی تریشەوە نیشانەیە بۆ كۆتایی هاتنی سەرماوسۆڵە و گەرمبوونەوەی زەوی و كەشوهەوا. هیچ رەمز و دەلالەتێكی ئاگرپەرستی تێدا نییە و هەر لەبناغەیشەوە گەلانی ئەم ناوچەیە ئایینێكیان پێش موسڵمانێتی نەبووە كە ئاگرپەرستی بووبێ. ئایینی باو ئایینی زەردەشتی بووە كە ئەویش لەلایەن ئیسلامەوە بە ئایینی ئاسمانی و یەكتاپەرستی ناسێنراوە.

2- ئەو مەلایە دەڵێ: (كاوەی ئاسنگەر) كافر بووە و هەر كەسێ شانازی پێوە بكات ئەوا ئەمیش وەكوو ئەو كافر دەبێ. هەركەسێك تەشەبوه بە كاوەوە بكات و ئاهەنگ بەو بۆنەیەوە بگێڕێ وەكوو ئەوی لێ دێ و لەگەڵ ئەودا حەشر دەكرێ.

لە رووی شەرعەوە ئەم قسەیەی مەلا نەك هەر جائیز نییە بەڵكو خۆی لە خۆیدا بیدعەیە، چونكە حوكمدان لەسەر كوفر و كافر بوون، ئەسەری رەجعی نییە. (كاوەی ئاسنگەر) 1279 ساڵ بەر لە هاتنی ئیسلام ژیاوە، بۆیە ناكرێ حوكمی كافربوون بە ئەسەری رەجعی بگەڕێنرێتەوە بۆ كاوەی ئاسنگەر و ئەو خەڵكانەی نزیكەی 13 سەدە بەر لە هاتنی ئیسلام ژیاون.

3- مەلا عبدالصمد دەڵێ: مادەم پێغەمبەر (د.خ) و سەحابە و تابعینی سەلەف (رەحمەتی خوایان لێ بێ) نەورۆزیان یاد نەكردۆتەوە كەواتە بیدعەیە و هەرچی ئەوان نەیان كردبێ گومڕایی لە دوایە و موسڵمان تووشی ئاگری جەهەننەم و دۆزەخ دەكات.

ئەم قسەیەی مەلا تەواو بیدعەیە بەتایبەتی لەم مەسەلەیەدا، چونكە هەم قورئانی پیرۆز و هەم مێژووی دەوڵەتی ئیسلامی، تەواو پێچەوانەی فەتوایەكەی مەلا عبدالصمدمان پێ دەڵێن.

قورئانی پیرۆز لە سوورەتی ( الكهف) لە ئایەتی 83 تا ئایەتی 98 باسی (ژوالقرنین) دەكات كە بە تەفسیری بەشێك لە موفەسیران دەشێ (فەریدون یان ئەفریدون)ی پادشای فارس بێ كە پاشایەكی دادپەروەر بووە و پاشی شۆڕشی (كاوەی ئاسنگەر) لە دژی (زوحاكی) زاڵم هاتۆتە سەر حوكم و تەنانەت بەركۆشەكەی كاوەی كردۆتە پەرچەم و ئاڵای حوكمڕانییە نوێیەكەی.

بەم تەفسیرە بێ شۆڕشەكەی كاوە و هاتنە سەر حوكمی فەرەیدون ئیرادەیەكی خوایی بووە بۆ لەناوبردنی حاكمێكی زاڵم. هەروەها خوا بە رادەیەك فەرەیدونی خۆشویستووە كە لە قورئاندا بە (ژوالقرنین) باسی كردووە و پێشتریش لە تەورات و لە ئینجیلیشدا بە هەمان ناو یان نزیكی وی ئاماژەی پێ كردووە و باسی دادپەروەری ئەوی كردووە.

لە تەفسیری (ابو الكلام ئازاد)ی عەلامەدا بۆ (ژوالقرنین) دیسانەوە لەوەی موفەسیرانی دیكە دوور نەكەوتۆتەوە بەڵام ئەو دەڵێ (ژوالقرنین) بریتییە لە (كۆرش) پادشای ئێرانیان و حیكایەتەكەیشی جیاوازییەكی ئەوتۆی لەوانی دیكە نییە كە پاشی شۆڕشێك لەدژی (زوحاك)ی زاڵم هاتۆتە سەر تەختی پادشایی و دادپەروەری و خۆشی بڵاوكردۆتەوە. تەنانەت (الگبری، ابو جعفر محمد حریری) لە كتێبەكەیدا بەناوی ( تأریخ الرسل والملوك)دا باسی زوڵمی زۆری زوحاكی كردووە و پاشان دەڵێ ( خوا ویستی لەناوی ببات بۆیە كەسێكی لە عەوامی خەڵك لە دانیشتوانی ئەسبەهان بۆ سازان كە ناوی كابی- كاوە بوو).

لە هەموو تەفسیرەكاندا حیكایەتەكانی ئازایەتی و دادپەروەری و خۆشەویستی خودا بۆ ئەم پادشایە وەكوو یەكن و هەمووشیان ئەوە دووپات دەكەنەوە كە (ژوالقرنین) پێغەمبەر نەبووە و ئایینی رانەگەیاندووە، بەڵام خودا خۆشیویستووە و رێی نیشان داوە و ئازایەتی و ئیرادەی خێری پێ بەخشیوە و كاوەی ئاسەنگەریشی هەڵبژاردووە كە سەركردایەتی شۆڕشەكەی بۆ بكات. كەواتە یادكردنەوەی نەورۆز یادكردنەوەیەكی ئایینی نییە تا موخالیف بێ لەگەڵ شەرعی خوا، بەڵكو دیارە كە نەورۆز ئیرادەیەكی خوایی بووە بۆ رزگاركردنی خەڵك لە زوڵمی حاكمێكی زاڵم.

لەوەشیدا كە دەڵێ لە ئیسلامدا یادی نەورۆز نەكراوەتەوە، نیشانەی نەزانینێكی قوڵی ئەم مەلایەیە بە مێژووی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەگەر نا دەبوایە بیزانیایە كە خەلیفە (عومەری كوڕی خەتاب)(خوا لێی رازی بێ) باج و دیاری بە بۆنەی نەورۆزەوە پێگەیشتووە و قبوڵی كردووە. تا باجی لەسەر ئەو گەلە موسڵمانانە هەڵگرتووە كە ئەو یادەیان كردۆتەوە. پاشی ئەو خەلیفە (عوسمانی كوڕی عەفان) ویستوویەتی جارێكی دیكە باج و خەراج بخاتەوە سەر یادكردنەوەی نەورۆز بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی زۆرەوە لە بڕیارەكەی پاشگەزبۆتەوە.(تحقیق مصگفی السقا، ابراهیم الابیاری، عبد الحفیڤ شبلی، گ1، القاهرە، 1938، ص24.حول هژه الچرائب وابگال جبایتها واعادە فرچها أنڤر: البابكیە، ص71وص81والهامش 214والهامش 276 والهامش 277والهامش288.انڤر أیچا الیعقوبی، التاریخ، 2/218، الگبری، تاریخ الرسل، گبعەلیدن، 1/2903، والصولی، محمد بن یحیی، ادب الكتاب، تحقیق محمد بهجت الاپری، القاهرە، 1341ه، ص220. )

لە سەردەمی خەلیفە (مەعاویەی كوڕی ئەبو سوفیان) باج و خەراج خراوەتەوە سەر یادكردنەوەی نەورۆز و ساڵانە نزیكەی 10 ملیۆن درهەم لەم باج و خەراجەی نەورۆز چۆتە خەزێنەی بەیتولمالەوە (الجهشیاری، ابو عبدالله محمد بن عبدوس، الوزراء والكتاب، ص24، الیعقوبی، التاریخ، 2/218.).

ئەمانە و چەندین نموونەی دیكەیش نیشانەی ئەوەن كە گەلانی ئەم ناوچەیە سەرەڕای ئەوەی بوونەتە موسڵمان بەڵام یادی نەورۆزیان كردۆتەوە و تەنانەت لە سایەی حوكمڕانی خەلیفەكانی راشیدین و دوای ئەوانیشدا دەستبەرداری نەبوون و ئامادەبوون باج و خەراجەكەی بدەن بەڵام هەر یادی بكەنەوە.

لەمەیش زیاتر مێژوو بۆمانی دەگێڕێتەوە كە خەلیفەكانی ئیسلام بەتایبەتی (فاتیمییەكان) لە وڵاتی میسر بەشێوەیەكی فراوان و بە بەزمی گەرموگۆڕانە بەشداری یادكردنەوەی نەورۆزیان كردووە و ئاهەنگی گەورەو قەشەنگیان گێڕاوە (عبدالسلام هارون، نوادر المخگوگات، گ1، القاهرە، 1954).

جا یا ئەوەتا مەلا عبدالصمد شتێكی ئەوتۆ لەبارەی مێژووی ئیسلامەوە نازانێ یان بە ئەنقەست خۆی نەبان دەكات و لەپێناوی (غرچ فی نفس یعقوب) دەیەوێ نەورۆز تەكفیر بكات.

ئایا ئەم مەلایە لە زانا و فەیلەسوفی گەورە (ئەحمەدی خانی) زاناترە كە ئەو لە داستانی (مەم و زین)ـدا جەژنی نەورۆز دەكاتە رۆژی بەیەكتر گەیشتن و ناسینی نێوان مەم و زین و لەكاتی ئاهەنگێڕانەكەدا عاشقی یەك دەبن؟!

ئایا مەلا عبدالصمد لە سەدان و هەزاران پارچە شیعری تەسەوفیی شاعیران و مەلایان و زانایانی كورد و فارسی یەك دانە شیعریشی خوێندۆتەوە كە یادی نەورۆز شكۆدار دەكەن و پیا هەڵدەڵێن؟!! بۆنموونە (الرسالە النوروزیە)ی شێخ ئیبن سینا. یان چامەكەی شێخ عبدالرحمنی تاڵەبانی كە بە فارسی نووسیویەتی و لە كتێبی (الأنفاس الرحمانیە فی سلسلە القادریە الگالبانیە للشیخ محمد حسام الدین عمر)دا بڵاوكراوەتەوە و لە سەرەتادا دەڵێ:

ساقیا عیداست ونوروز است وایام بهار

سرزده كل هر گرف اندركنار جویبار ....

مگرب وچبگ ومغنی جمله در رقص وخروش

خم من در جوش وجان بی صبر وخاگر بی قرار

مینماید روچهء خلد برین از هر گرف

وز نسیم جانفزایش مست كشته هوشیار

 

واتە:

ساقی جەژنە، نەورۆزە و رۆژانی بەهار

گوڵ سەری بەرزە لە هەردوو بەری جۆگە و جۆبار

موتریب و عود و گۆرانیبێژ خرۆشاون سەما دەكەن

شەرابم هەڵچووە و گیان سەبری نەماوە و دڵ بێ قەرار

باغی بەهەشتی فراوان لەهەر لایە خۆی دەنوێنێ

هوشیاران بەو بەرامەی مەستن كە روح دەبوژێنێتەوە

 

بۆ زانیاری مەلا عبدالصمد، مامۆستای گەورە و زانای بلیمەت (عبدالكریمی مودەریس) ئەم چامەیەی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی. هیچ شتێكیش من ناهێنێتە ئەو بڕوایە كە مەلا عبدالصمد لە مامۆستا مەلا عبدالكریمی مودەریس شارەزاتر و زاناتر بێ لە فیقه و شەرعی ئیسلامدا!!

 

لە كۆتایی ئەم زانیارییانەدا دەبێ ئەوەیش بڵێم كە مەلا عبدالصمد لەوەیشیدا كە دەڵێ: هەرچی پێغەمبەر (د.خ) و خەلیفە و سەحابەكان (خوا لێیان رازی بێ) نەیان كردبێ نابێ بكرێ و عاقیبەكەی ئاگری جەهەننەمە، قسەیەكە بەر لە هەموومان عاقیبەكەی بۆ مەلا خۆی زۆر بە خراپی دەشكێتەوە و خوا دەزانێ تووشی چی دەكات، چونكە زۆرن ئەو كار و كردەوانەی لەم سەردەمەدا مەلا عبدالصمد دەیانكات، ئەوان لە سەردەمی خۆیاندا نەیانكردووە. هەر بۆ نموونە، سواربوونی ئوتومبێل و چوونە حەج بە سواری فرۆكە و تەماشاكردنی تەلەفزیۆن و قسەكردن بە مۆبایل و وێنەگرتنی ڤیدیۆیی و خوتبەدان لەبەردەم مایكرۆفۆن و لەبەر فێنكایی و گەرمایی سپلیتدا و چەندینی دیكەیش.

 

لە كرۆكی ئەم فەتوایەدا

لە دوای سەرەتای هاتنی ئیسلام و بەتایبەتیش لەگەڵ غەزاكانی لەشكری ئیسلام و داگیركردنی ناوچە دوورەكان و زاڵبوون بەسەر نەتەوە و گەلانی دیكەدا، عەرەبی جەزیرە ئایین و كولتوور و دابونەریتی جیاوازیان ناسیوە. ناسینیش بۆ ئەوان تەنیا كردەیەكی زانینانە نەبووە بەڵكو دەرەنجام دەبوایە بڕیار بدەن چ مامەڵەیەكی لەگەڵ ئەم پێدراوە جیاوازانەدا دەكەن. بە واتایەكی دیكە لە پاشی داگیركردن، كردەی عەرەب لەگەڵ كولتوورە نوێ و جیاوازەكاندا هەر ئەوە نەبووە كە ناسیویانن و زانیویانە ئەم جیاوازییانە هەن، بەڵكو بڕیاریان داوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. چاوگی مامەڵەكەیش ئەوەیە كە ئەمان خودان دەسەڵاتن و ئەوانی دیكە ژێردەستیانن. كەواتە هەڵكەوتە مێژووییەكە وەهای لێ هاتووە كە عەرەب تەنیا هەڵگری پرۆژەی بەئیسلامكردن نییە بۆ ئەو نەتەوە و میللەتانە، بەڵكو خودان پرۆژەی دەسەڵاتیشە كە دەبێ ببێتە ئیمپراتۆریی و حوكمی هەموو ئەو ناوچانە بكات كە داگیری كردوون.

تێكەڵ بوونی پرۆژەی بەئیسلامكردن لەگەڵ پرۆژەی بەئیمپراتۆربوونی نەتەوەی عەرەبدا، یەكەمین سەرەتای پێكدادانی كولتووری عەرەب بووە لەگەڵ كولتووری نەتەوەكانی دیكە و لەماوەی 1400 ساڵی رابردوودا و تا ئەم ساتەیش هەر بەردەوامە و لە دۆخی جیاجیادا گەرم یان زۆر گەرم یان ماوەی هودنەی بەخۆوە دیوە.

 

پرۆژەی بەعەرەبكردن

لەژێر پەرچەمی پرۆژەی بەئیسلامكردندا

هەر لە ناردنی نامەوە بۆ ئیمپراتۆر و شاكانی ئەو سەردەمەوە و پاشان لەگەڵ سەرەتای غەزاكانەوە، پرۆژەی بەئیسلامكردن تەنیا پرۆژەیەكی ئایینی ـ رووحی نەماوە كە مرۆڤەكان سەرەڕای جیاوازی نەتەوەیی و كولتوور و زمان لەگەڵ خودا بگەیەنێتە یەك و بەو هۆیەوە رێگەی چاكە و خراپەی خۆیان بزانن. بەڵكو سەرەتا تێكەڵ بووە لەگەڵ پرۆژەی بەدەوڵەتبوونی عەرەبدا لەناو جەزیرەدا و پاشان تێكەڵ بووە لەگەڵ پرۆژەی بە ئیمپراتۆربوونی عەرەبدا لە ناوچەكی فراوانتر، زۆر فراوانتر لە جەزیرە.

ئەگەر بەئیسلامبوون تەنیا جۆرێكی دیكەی پەرەسەندووتر بووبێ بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خوا، ئەوا دەشێ هەموو زمان و كولتوور و دابونەریتە مرۆییەكان و جیاوازییەكانی دیكەی دەرەوەی ئەم پەیوەندییە رووحییەی نێوان خودا و مرۆڤ، قابیل بە هەبوون بن و جیاوازبن لەگەڵ ئەوانی دیكەدا و بەتایبەتیش جیاواز بن لەگەڵ عەرەبدا، وەلێ كە ئەم پرۆژەیە تەنیا ئەم پەیوەندییە روحییە نەبێ و تێكەڵ بكرێ بە پرۆژەی سیاسی و بە ئیمپراتۆربوونی عەرەبەوە، ئیتر مانەوەی ئەم جیاوازییانە هەمیشە وەكوو مانەوەی مەترسییەكی شاراوەن بۆسەر باڵادەستی نەتەوەی عەرەب و كولتووری عەرەب. بۆیە دەبوایە مامەڵەیەكیان لەتەكدا بكرێ كە دەرەنجام بە كۆتایی هاتنی ئەوان و زاڵ بوونی كولتووری عەرەب تەواو بێ.

بەم مانایە پرۆژەی بەئیسلامكردن كراوەتە پرۆژەی بە عەرەبكردنی نەتەوە و كولتوورە جیاوازەكان. پرۆژەی بەدەوڵەتبوون و دانانی بناغەكانی ئیمپراتۆرییەتی نەتەوەی عەرەبیش، بۆتە پرۆژەیەك كە هەموو ئەو نەتەوە و گروپانەی دەكەونە ناو قەڵەمڕەوی ئەوەوە ملكەچی كولتوور و پێوەرەكانی نەتەوەی خودان دەسەڵاتی ناو ئەم دەوڵەتە ئیمپراتۆرە بن، كە هیچ پەیوەندی بە خوا و زانینی چاكە و خراپەوە نییە.

لەو دێرزەمانەدا پرۆژەی بەعەرەبكردن، خۆی لە پشتەوەی پرۆژەی (بەئیسلامكردن)ـەوە حەشارداوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی پرۆژەی هاوچەرخی نەتەوەیی عەرەبیشدا جارێكی دیكە خۆی لەپشت هەمان پرۆژەوە حەشاردا بەڵام ئەمجارەیان لەژێر ناوی پرۆژەی (بەئیسلامكردنەوە)دا.

لەو دێرزەمانەوە تا هەنووكەیش بۆ شەرعییەت دان بە پرۆژەی ئیمپراتۆری نەتەوەی عەرەب، پرۆژەی بە ئیسلامكردن و دواتر پرۆژەی بەئیسلامكردنەوە كراوەتە پەرچەم و دروشم.

ئەم پرۆژەیە، هەر لەو سەرەتایەوە تا ئەم ساتەیش، تەنیا پرۆژەی توانەوەی كولتووری میللەتان بووە لە كولتووری نەتەوەیەكی زاڵدا، بۆیە هاوكات كۆششێكی بەردەوامی عەرەب هەبووە و هەیە كە ئەو نەتەوانە لە بۆتەقەی خۆیدا بتوێنَتەوە و كۆی كولتوور و هەڵسوكەوت و شێوازی ژیانیان دەقاودەق تەعریب بكات. بەڵام لەبەرئەوەی پرۆژەیەكە لەگەڵ زیندوویەتی بونیادی كۆمەڵگا جیاواز و غەیرە عەرەبەكاندا ناكۆك بووە بۆیە ئەم كۆششە تا ئەم ساتە هەر شكستخواردوو بووە و بەردەوام لە رووبەڕوویدا بەرەنگارییەكی زۆر و بەرخودان و شۆڕش و رەتكردنەوەی ئەو میللەتانە هەبووە و توانیویانە بە ئاستی جیاجیا سەركەوتوو بن و پارێزگاری لە هەموو یان بەشی زۆری كولتوور و زمان و شێوازی ژیانی جیاوازیان لەگەڵ عەرەب بكەن و ئەم بەرەنگارییە تا ئێستایش بەردەوامە و سەركەوتنەكانیش تا دێن زیاتر دەبن.

جا ئەگەر مەلاكەی لەمەڕ خۆیشمان پێ بزانێ یان نەزانێ، ئەوا كرۆكی رەتكردنەوەی جەژنی نەورۆز و زۆری دیكە لە بەهاو پێدراوەكانی رەسەنایەتی و زمان و رەچەڵەك، كۆششی شكستخواردووی عەرەبە بۆ توانەوەی كورد و ئەو نەتەوانەی خودان جەژنی نەورۆز و كولتوور و بەهای جیاواز و ناكۆكن لەگەڵ عەرەب.

من لەو بڕوایەدام مەلا عبدالصمد ئەم حەقیقەتە دەزانێ بە دەلیلی ئەوەی تەنیا جەژنی نەورۆز تەكفیر ناكات بەڵكو هەموو جەژنێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بە كوفر لەقەڵەم دەدات. بەواتایەكی دیكە ئەو لە ئیدراك و زانینەوە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كورد تەكفیر دەكات، تا كورد خودان هیچی جیاواز نەبێ لە عەرەب و كولتوورەكەی لە كولتووری عەرەبدا بتوێنێتەوە.

 

كارتەكان تێكەڵ نەكەن

بەرپەرچدانەوە و رەتكردنەوەی پرۆژەی توانەوەی كولتووری ئەو گەل و نەتەوانەی بە ئایین ئیسلامن و بە رەچەڵەك و رەسەنایەتی عەرەب نین، لەناو بۆتەقەی كولتووری عەرەبدا، هەر لە بناغەوە رەتكردنەوەی ئیسلام نییە وەكوو ئایین، بەڵكو رەتكردنەوەی كولتوورێكی زاڵم و خۆبەزلترزان و فاشییە كە نایەوێ هیچی جیاواز لە خۆی هەبێ. بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی و لەناوبردنی ئەوانی دیكە، ئایینی ئیسلام و كەرەستە فیكری و شەرعییەكانی ئیسلام بەكاردەهێنێ. بۆیە با كارتەكان تێكەڵ نەكرێن و ئەو مەلایە و هەوادارەكانی لێم هەڵنەسنەوە و، مەیدانێك كە من نەمخواستەوە و نایخوازم هەڵنەبژێرن بۆ رەددانەوەی ئەم لێكدانەوەیەم. والله علی ما أقوله شهید.

 

هەواڵی پەیوەندیدار