د.ئەرشەد تەھا: ھەژماری من دەبێتە ھۆی بەرقەراربوونی شەفافیەت
__2023_11_16_h14m32s3__ER.jpg)
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە تا ئێستا ١٥٠ ھەزار کەس لە ھەرێمی کوردستان بوونەتە خاوەنی ھەژماری من، پسپۆرێکی داراییش پێی وایە کردنەوەی ھەژماری من دەبێتە ھۆی بەرقەراربوونی شەفافیەت.
د.ئەرشەد تەھا، پسپۆری دارایی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دابەشکردنی مووچە و کردنەوەی ھەژماری من لە بانک دوولایەنی ھەیە، لایەنێکی ھونەرییە و لایەنێکی داراییە، لایەنە داراییەکە گەمارۆ خراوەتە سەر ھەرێمی کوردستان و ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و تا ئێستا بەشە بودجەی ھەرێم خەرج لەلایەن بەغداوە حەرج نەکراوە، لایەنە ھونەرییەکەی کردنەوەی ھەژماری من دەبێتە هۆی پێشخستنی سیستەمی بانکی و ئاسانکاری بۆ حکوومەت و ھاووڵاتییان دەکات و شەفافیەت بەرقەرار دەکات.
ئەو پسپۆرەی دارایی گوتیشی: کردنەوەی ھەژماری من چەندین سوودی ھەیە بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان، ھەروەھا سوودی بۆ حکوومەتیش ھەیە، چونکە دەبێتە ھۆی ڕێکخستنەوەی کۆکردنەوەی باج بەشێوەیەکی باشتر و کەمکردنەوەی گەندەڵی، بڕیارە مانگی داھاتوو حیساباتی کۆتایی بکرێت لە نێوان ھەرێم و بەغدا، ھیوادارین بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت بۆ ئەوەی لایەنە ئابوورییەکەش چارەسەر بکرێت.
د. ئەرشەد تەھا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە تا ئێستا ١٥٠ ھەزار فەرمانبەر ھەژماری منیان دروست کردووە، پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی ئایندە ٢٠٢٤ زیاتر لەیەک ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشین ببنە خاوەنی ھەژماری من، ئەگەر ئامادەکاری تەواو ھەبێت دەتوانرێت لە ساڵی ئایندەدا کار بە سیستەمی نوێی بانکی بکرێت و فەرمانبەران و خانەنشینان سوود لە ھەژماری من وەربگرن بۆ ئەوەی لە رێگەی بانکەوە مووچە وەر بگرن.
قائید میرۆ




