٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئایدن مەعروف: داوا دەکەین رەچاوی داواکارییەکانی پێکهاتەی تورکمان بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێ، لە هەرێمی کوردستان پێکەوەژیانێکی باش هەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانی پێکهاتەکان دەکات، هاوکات داواش لە دادگای فیدراڵی دەکات ئەو سکاڵایە رەت بکاتەوە کە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاڕاستەیان کراوە و بە پێویستی دەزانێت ڕەچاوی پێکهاتەکان بکرێت.

ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی رێوڕەسمی یادکردنەوەی رۆژی زمان و کولتوری پێکھاتەی تورکمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان پێکەوەژیانێکی باش هەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانی پێکهاتەکان دەکات، وە بوونی پێکهاتەی تورکمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر گرینگە و بۆیە پێویستە لە هەموو کاتێکی دیکە زیاتر پشتیوانی لە داواکارییەکانی پێکهاتەی تورکمان بکرێت".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە داوا لە هەموو لایەک دەکەن ڕەچاوی ماف و داواکارییەکانی پێکهاتەی تورکمان بکەن، چونکە پێکهاتەی تورکمان هەموو کاتێک بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لە رێگەی گفتوگۆوە داوای مافەکانی خۆی کردووە.

ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەشدا، کە رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، کە دانیشتنی دادگای فیدراڵی هەیە، کە تایبەتە بە کۆتا و یاسای هەڵبژاردن و سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە و مادەیەکی تایبەت بە کۆتایشی تێدایە، داواکار بوو لە دادگای فیدراڵ ئەو سکاڵایە رەت بکاتەوە، بەوپێیەی ئەو مادەیە پەیوەستە بە پێکهاتەی تورکمان، داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد، کە رەچاوی پێکهاتەکان بکرێت، چونکە لە ئێستادا بە گرینگییەوە بەشداری کاری سیاسیین لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار