کاندیدی ژمارە 25ی پارتی لە کەرکووک: ئاوەدانی بۆ ناوچە کوردییەکان دەگەڕێنینەوە

کەرکووک_KDP.info_ کاندیدی ژمارە 25ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: بەداخەوە ئیدارەی پارێزگای کەرکووک ناوچە کوردییەکانی فەرامۆش کردووە و خزمەتی نەکردوون، بۆیە دەمانەوێت ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچانە بگەرێنینەوە.
هەوراز محەمەد شوکر، کاندیدی ژمارە 25ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەداخەوە ماوەی چەند ساڵێکە جیاوازییەکی زۆر دەکرێت لە خزمەتکردنی کەرکووک، هیچ خزمەتێکی ناوچە کوردستانییەکان نەکراوە و زیاتر ئیدارەی شارەکە فۆکسی لەسەر ناوچە عەرەبنشینەکان بووە و جیاوازی زۆری کردووە لە خزمەتکردنی ناوچەکان، بۆیە ئێمە دەمانەوێت لەڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگا خزمەتی هەموو ناوچەکان بکەین بێ جیاوازیی.
هەوراز گوتیشی: دەمانەوێت جارێکی دیکە وەکو ساڵانی پێشتر کە کوردی لێ بوو ئاوەدانی بۆ ناوچە کوردییەکان بگەرێتەوە و ناوچە کوردییەکان خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکرێت و ئاوەدانببنەوە، چونکە غەدرێکی زۆر لە ناوچە کوردییەکان دەکرێت لە لایەن ئیدارەی ئێستای شاری کەرکووکەوە.
بڵند ئیبراهیم




