عەبدوڵڵا تاھیر: زۆرینەی کورد و عەرەبی گوێڕ دەنگ بە لیستی پارتی دەدەن
__2023_11_15_h15m30s1__ER.jpg)
بەرپرسی ناوچەی گوێڕی پارتی ئاشکرایکرد: پارتی لە ھەموو ھەڵبژاردنەکان ھێزی یەکەم بووە لە سنووری دەڤەری گوێڕ، بۆ ھەڵبژاردنی مانگی داھاتووش زۆرینەی کورد و عەرەبی گوێڕ دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن.
عەبدوڵڵا تاھیر، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە گوێڕ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بانگەشەی ھەڵبژارن بەشێوەیەکی زۆر ھێمنانە لە سنووری ناحیەی گوێڕ و دەوروبەری بەڕێوە دەچێت و ھەموو لایەنەکانی سیاسی بەبێ جیاوازی ڕۆژانە بانگەشەی خۆیان دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا ئێمەیش وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامین لە بانگەشەی ھەڵبژاردن، چونکە گوێڕ سنوورێکی فراوانی ھەیە، بۆ پارتیش یەکێکە لەو ناوچانەی پێگەی خۆی ھەیە.
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: تەنیا لایەنێک توانی بەرگری لە خەڵکی گوێڕ بکات و چەندین شەھید پێشکەش بە ئازادکردن و بەرگری کردن لە دەڤەری گوێڕ بکات پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، ئێستایش لەڕووی سیاسی و سەربازی و ئیداری ھەر پارتییە خۆی بە خزمەتکار و بەرگریکاری ئەو خەڵکە دەزانێت.
عەبدوڵڵا تاھیر ڕوونی کردەوە: خەڵکی گوێڕ بە کورد و عەرەبەوە بە زۆرینەی ڕەھا دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی دەدەن، لە ھەموو ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو پارتی دەنگی یەکەمی ھێناوە لە دەڤەری گوێڕ، بۆ ھەڵبژاردنی ئەمجارەش لیستی پارتی لەسەر ئاستی گوێڕ و نەینەواش ھەر لیستی یەکەمە و دەنگی یەکەم بەدەست دێنێ، ئەوەیش بۆ خزمەت و پێگەی پارتی دەگەڕێتەوە.
قائید میرۆ




