٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجامی گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئیجابی بوو

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا_KDP.info_ ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق گوتی: ئەنجامی گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە ئیجابی بوو و لەسەر دوو تەوەر گفتوگۆ کراوە و لەماوەیەکی نزیکدا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە.

ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، دکتۆر سەباح سوبحی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەنجامی سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان ئیجابی بوو، چونکە دوای دانیشتن لەگەڵ کۆمپانیاکان تێچووی دەرهێنانی نەوت پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و ناوەڕۆکی گرێبەستەکان دیراسەکراوە، بۆیە هیوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە زیادبووە، لەبەر ئەوەی  تورکیاش باسی لەوە کردبوو بۆڕییەکان لەڕوو تەکنیکی ئامادەن و دەتواندرێت 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم و کەرکووک ڕەوانەی دەرەوە بکات.

دکتۆر سەباح سوبحی گوتیشی: دوو بابەتی سەرەکی هەبوو گفتووگۆی لەسەر بکرێت، ئەوانیش تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت هەشت هەزار و 900 دینار دانرابوو کە بڕێکی زۆر کەمە بۆ کۆمپانیاکان و گواستنەوەی نەوتیش لەڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و بەندەری جەیهان تێچووی خۆی هەیە، بۆیە گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی پارەی کۆمپانیاکان زیاد بکرێت و لەگەڵ تورکیاش بگەنە ڕێککەوتن، دواین گفتوگۆش ماوە .. عێراق داوای کردووە 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری پێ بدات و تێچووی بۆڕی نەوتیش لە گواستنەوە دەستکاری دەکرێت و کۆتایی پێدێت، بۆیە ئامادەسازی کراوە بۆ ئەوەی لەماویەکی نزیکدا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکرێتەوە.

بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار