سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵیۆزى فه‌ره‌نسا دۆخى عێراق و ناوچه‌كه تاوتوێ ده‌كه‌ن

هه‌ولێر-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2023/11/15 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز ئێریك شۆڤالیێ باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له عێراق كرد.
له دیدارێكدا ده‌رباره‌ى دوایین پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سیاسى له عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كانى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و كاریگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى به‌رده‌وامیى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غداى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان و سه‌ردانى ئه‌م دواییه‌ى به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرى نه‌وتى عێراق بۆ هه‌ولێر، به ئه‌رێنى له قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵى له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كرده‌وه.
ده‌رباره‌ى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیش، هه‌ردوولا باسیان له هه‌وڵه‌كانى ڕێگرى له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زیاترى دۆخه‌كه كرد و داكۆكییان له گرنگیى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق كرده‌وه. له‌مباره‌یه‌وه هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى عێراق نه‌بێته به‌شێكى ئاڵۆزییه‌كان و سه‌لامه‌تیى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و دیپلۆماتكاران پارێزراو بێت.
دوایین سه‌ردانى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى بۆ پاریس و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو.




