فۆرمی خۆراک دەبێتە ئەلیکترۆنی و ھاووڵاتی و بریکارەکان پێکەوە دەبەسترێنەوە

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ئاماژەی بۆ ئەوەک کرد، قۆناغێکی دیکەی بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک بەڕێوەدەچێت، دەشڵێ: لەڕێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە ھاووڵاتی و بریکاری خۆراک پێکەوە دەبەسترێنەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: گۆڕانکاری لە فۆرمی خۆراکدا دەکرێت، ئێستا ٩٧%ی ھاووڵاتییانی دھۆک بوونەتە خاوەنی فۆرمی ئەلیکترۆنی و قۆناغی داھاتوو لە پارێزگای سلێمانی و ھەولێریش جێبەجێ دەکرێت، دواتر لە ڕێگەی ئەپلیکەشنەوە ھاووڵاتی و بریکارەکانی خۆراک پێکەوە دەبەسترێنەوە، بەڵام خەریکی دانانی پلانن بۆ ئەوەی لەھەموو شوێنێک ھێڵێکی ئینتەرنێت ھەبێت و کار بکات.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ھەموو ئەوانەی مردوون و لەدەرەوەی وڵات و ناوی زیادەن لەنێو فۆرمی خۆراک لادەدرێن و بەگەڕانەوەی ئەو پارەیە ماددەکانی خۆراک زیاد دەکرێت، لە ساڵی ئایندەدا پلانی نوێ ھەیە بۆ دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگە.
لەبارەی بڕینی بەشە خۆراکی ئەو کەسانەی مووچەیان زۆرە نەوزاد شێخ کامیل گوتی: پێشتر ئەو پلانە جێبەجێکراوە، ئەوانەی مووچەیان گەیشتووتە یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھزار دینار بەشە خۆراکیان بڕابوو، بەڵام ئێستا بڕیارەکە ھەڵوەشاوەتەوە و ئەوانەی مووچەیان دەگاتە دوو ملیۆن بەشە خۆراکیان دەبڕدرێت.
قائید میرۆ




