سامان رەشید: هەموو ڕێگایەکی یاسایی دەگرینە بەر بۆ گەیاندنی پەیامی پارتی بە خەڵکی کەرکووک

کەرکووک-KDP.info- ڕێپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک گوتی: هەموو ڕێگایەکی یاسایی لە کەرکووک دەگرینە بەر بۆ گەیاندنی پەیامی پارتی بە خەڵکی کەرکووک و داواشمان کردووە بە شێویەکی فەرمیی کۆمسیۆن نووسراویان بە کوردیش بڵاوبکەنەوە و لێدوانیش بە زمانی کوردی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بدرێت.
ڕێپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک، سامان رەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن ماوەی 14 ڕۆژە دەستی پێ کردووە و بەردەوامیش دەبێت بۆ ماوەی 45 ڕۆژ، کەماوەیەکی زۆری بۆ دانراوە، کاندیدەکانی ئێمە بەشێوەیەکی فراوان و ئارام بێڕێوەی دەبەن، لەو چوارچێوەیەدا لەسەرەتای پرۆسەکەدا زۆر لە پۆستەرەکانی ئێمە دڕێندران، دوو سکاڵامان تۆمار کردبوو، کۆمسیۆن بەدواداچوونی بۆ دەکات، چونکە زۆرینەی پۆستەرەکانی دڕاون هی کاندیدانی پارتی بوون و80%ی پۆستەرەکانیان نەماون، ئەمەش واناکات ئێمە ساردبینەوە لە بانگەشە، لەبەر ئەوەی چەندین ڕێگای دیکەمان هەیە پەیامی پارتی بە دەنگدەران و خەڵکی کەرکووک بگەینین، بۆیە هەموو ڕێکایەگی یاسایی دەگرینە بەر بۆ گەیاندنی پەیامی پارتی بە خەڵکی خۆمان.
سامان رەشید گوتیشی: نووسراوێکمان بۆ کۆمسیۆن کردووە، نووسراو و لێدوانەکانیان بە زمانی عەرەبییە و زمانی کوردی بەکار ناهێنن، بۆیە بەفەرمیی داوامان کردووە نووسراوەکانیان بە زمانی کوردیش بێت، زمانێکی فەرمییە و بەپێی مادەی چواری دەستوور، پێویستە کەسێک تەرخان بکەن بە زمانی کوردی لێدوان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بدات، چونکە ئێمە لەقۆناغێکداین پێویستە دەنگدەر زیاتر هۆشیار بکرێتەوە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و 36 هەزار کارتی دەنگدان گەڕاوەتەوە پێویستە دەنگدەران وەریگرنەوە، بۆیە پرۆسەی هەڵبژاردن بە چەند قۆناغێک تێپەڕ دەبێت و دەنگدەریش پێویستی بە هۆشیاری هەیە، کۆمسیۆن بە زمانی کوردیش ئەو هۆشیارییە بڵاو بکاتەوە کە ژمارەی زۆری ڕاگەیاندنی کەرکووک بە زمانی کوردییە.
بڵند ئیبراهیم




