کاندیدی ژمارە 16ی پارتی لە کەرکووک: کار دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانی کورد لە کەرکووک

کەرکووک_KDP.info_ کاندیدی ژمارە 16ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: کار دەکەین لە کەرکووک بۆ وەرگرتنەوەی سەرجەم ئەو مافەانەی کورد لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر لە کورد وەرگیراونەتەوە، بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان پێکەوە بە ئاشتی و تەبایی بژین.
ئەمەل سەیفەدین نوری ، کاندیدی ژمارە 16ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: هەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتی شاری کەرکووک بکەین و ئەو مافانەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر لە خەڵکی خۆمان وەرگیراوە بگەڕێندرێنەوە و جارێکی دیکە کەرکووک بگەڕێنینەوە بۆ ئاشتی، تەبایی و پێکەوەژیان وەکو ئەوەی پێش 16ی ئۆکتۆبەر هەبوو، چونکە ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو تەعریب لە کەرکووک کراوە، بۆیە پێویستە کەرکووک شاری پێکەوەژیان بێت بۆ هەموو پێکهاتەکان و ناکرێت غەدر لە کورد بکرێت، جگە لەوەش دامەزراندن بۆ خەڵکی کەرکووک بە دادپەروەرانە بێت بەپێی سەرژمێری ساڵی1957، بۆیە کار دەکەین بۆ ئەوەی مادەی 140جێبەجێ بکرێت.
ئەمەل سەیفەدین نوری گوتیشی: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لە 2017وە لە کەرکووک نەمابووین، بۆشایەکی زۆر لە کەرکووک دروست بوو و مۆرکی کوردایەتی بە کەرکووکەوە نەمابوو، بۆیە دەمانەوێت جارێکی دیکە دەسەڵاتی کوردی بگەرێتەوە بۆ کەرکووک و هەموو پێکهاتەکان پێکەوە لەو شارە بژین و بێ جیاوازی خزمەتی هەموو پێکهاتەکان بکەین، هەر بۆیە کار دەکەین بۆ ئەوەی لیستی 197ی پارتی زۆرترین دەنگ لە پارێزگای کەرکووک بەدەست بێنێت.
بڵند ئیبراهیم




