مەسروور بارزانی پێشانگەی بازرگانی نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی کردەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێنجەمین پێشانگەی بازرگانی نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی لە هەولێر کردەوە.
پێشانگەی بازرگانی نێودەوڵەتیی پیشەسازی و بیناسازی Construct Iraq 2023 کە تایبەتە بە کەرەستەی بیناسازی، کارەبا، سیستەمی ساردی و گەرمی، بە بەشداری 212 کۆمپانیای بیانیی و ناوخۆیی بەڕێوەدەچیت، لە نێویاندا 178 کۆمپانیا بیانین، کە لە 10 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون، وەک تورکیا، ئێران، هیندستان، چین، ئیتاڵیا، ئیمارات، لیتوانیا، ئازەربێجان. هەروەها 36 کۆمپانیای ناوخۆیی، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشدارن.
پێشانگەکە بۆ سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاتژمێر 11ی بەیانی تاوەکوو 7ی ئێوارە کراوە دەبێت بۆ پێشوازی لە سەردانیکاران.




