ئاڵپ ئەرسەلان توركەش و راستی هەبوونی كورد
روشەن چاكێر
لە ناوەراستی ساڵی 70كاندا لە نێو نووسینەكانی ئوغۆر مومجوودا گوێم لە نا وی كەسێك بە ناوی رۆزی نازار بووە، ناوبراو هاووڵاتییەكی ئەمریكاییە كە ئەندامی ناوەندی هەواڵگیری ئەمریكا و لە دایك بووی ئوزبەكستانە. ناوبراو یەكیك بووە لە رەگەز پەرەستە ناودارەكانی توركیا و بە پێ نووسینەكانی ئوغۆر مومجوو پەیوەندی زۆر توند و تۆڵی لەگەڵ حەرەكەتی رەگەز پەرەستی ئاڵپ ئەرسەلان توركەشدا هەبووە بەڵام بۆ ئێمەی چەپگەر تۆزێك مەترسیدار بوو.
دوای چەند ساڵ لە لایەن وەشانخانەی دۆغانەوە كتێبێك بڵاو كرایەوە بە ناوی" رۆزی نازار سیخۆری ئەمریكا لە توركیا. ئەم كتێبە بوو بە هۆكاری سەرسۆڕمانی من. نووسەری ئەم كتێبە رەگەزپەرەستێكی توركی دانیشتووی ئوزبەكستان بە ناوی ئەنوەر ئاڵتئ ئایلی بوو كە پەیوەندی یەكجار باش و بەهێزی لەگەڵ ئاڵپ ئەرسەلان توركەشدا هەبووە.
لە جیهاندا كەسە ناودارەكان ژیاننامەی خۆیان بە دوو شێوە دەنووسن، یا بانگی نووسەر و رۆژنامەنووسێك دەكەن و باسی ژیانی خۆیانی بۆ دەكەن و دواتر ئەم ژیاننامە بە كونترۆڵی خاوەن ژیان بڵاو دەكرێتەوە. شێوەی دیكەی نووسینی ژیاننامە ئەوەیە كە كەسی خاوەن ژیان بۆ خۆی راستەوخۆ دەست بە نووسینی چیرۆكی ژیانی خۆی دەكات. ئەم كتێبەی رۆزی نازار بە رێبازێك نووسراو كە لە نێوان ئەم دوو رێبازەدایە.
لە نێو ئەم كتێبە 500 لاپەڕەییەدا ئەو شتانەی كە من بە شوێنیاندا دەگەڕام هەر هەموویانم نە دۆزییەوە. لە كاتی خوێندنەوەی ئەم كتێبەدا خاڵێكی زۆر گرنگ سەرنجی منی راكێشا و ئەویش هەڵوێستی ئاڵپ ئەرسەلان توركەش و رۆزی نازار لە بەرامبەر پرسی كورددا بوو.
لە نێو ئەم كتێبەدا بەشێك بە ناوی كێشەی كورد و هەڵوێستی ئێمە هەیە. لەم بەشەدا زۆر بە وردی باسی هۆكارەكانی دەركەوتنی پرسی كورد و چۆنیەتی چارەسەر كردنی ئەم پرسە كراوە. رۆزی نازار لە دوای گەڕانەوەی خۆی لە هێندستانەوە سەردانی ئاڵپ ئەرسەلان توركەش دەكات و سەبارەت بە پرسی كورد دەست بە گفتووگۆ دەكەن.
لەم گفتووگۆیانەدا هەر دوو لا لە سەر ئەوە هاورابوونە كە شتێك بە ناوی پرسی كورد لە توركیادا هەیە و ناتوانرێت بە نكۆڵی كردن و پشت گوێ خستنی هەبوونی كورد و پرسی كورد، وا نیشان بدەین كە لە توركیادا پرسی كورد نییە. بۆیە ئێمە ناتوانن بە نكۆڵی كردن هەوڵ بۆ لە ناو بردنی پرسی كورد یا خۆ كۆتایی هێنان بە پرسی كورد بدەین.
تا ئەو كاتەی كە پرسی كورد چارەسەر نەكرێت ئەوا ئەو هێز و لایەنانەی كە لە سەر توركیا و لە دژی توركیا پلان و بەرنامەیان هەیە دەتوانن هەر رۆژ ئەو پرسە بە شێوەی جوراوجۆر لە دژی توركیا و بەرەژوەندییەكانی توركیا بەكار بهێنن.
ئاڵپ ئەرسەلان توركەش و رۆزی نازار زۆر بە ئاشكرایی باسی ئەوەیان كردووە كە زمانی گۆشار، نكۆڵی كردن و بەكار هێنانی هێزی سەربازی بە هیچ شێوەیەك نابێـتە چارەسەری بۆ پرسی كورد.
رۆزی نازار نە تەنیا لەگەڵ ئاڵپ ئەرسەلان توركەشدا بەڵكۆ لەگەڵ ئەندامانی ئیستیخباراتی توركیایشدا سەبارەت بە پرسی كورد هەڵوێست و راو بۆچونی خۆی ئاشكرا كردووە بەڵام بە هیچ شێوەیەك وەڵامێكی دڵخۆشكەری وەرنەگرتووە و بە رۆزییان وتووە: لە توركیا هیچ هەبوونێك بە ناوی كورد نییە كە كێشەی هەبێت ئەوانەی كە تۆ باسیان لێوە دەكەی توركی شاخاوین. رۆزی نازار كەسێك بووە كە زۆر شارەزایی لە سیاسەتی نەتەوەیی رووسیا هەبووە و وتوویەتی" مەسەلەی نەتەوەیی و پێكهاتە جیاجیاكانی رووسیا چەندە بۆ رووسیا گرنگە، مەسەلەی كوردیش بۆ توركیا هەر ئەوەندە گرنگە، رەنگا ئەمرۆ ئێوە هەست بەم گرنگییە نەكەین بەڵام رۆژێك دێت كە پرسی كورد لە بەردەم پێشكەوتن و بەهێز بوونی توركیادا دەبێتە ئاستەنگ و ئەو كاتە كاتێكە توركیا ناچار دەبێت بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد لە زۆربەی هەرە زۆری نرخ و بەها نەتەوەییەكانی خۆی واز بهێنێت تا بتوانێت پرسی كورد چارەسەر بكات. بە پێچەوانەوە ئەگەر پرسی كورد توركیا بۆ خۆی چارەسەر نەكات ئەوا هێزە دەرەكییەكان چارەسەری دەكەن و ئەم چارەسەرییەیش دەرگا بۆ پارچە كردن و دابەش كردنی توركیا دەكاتەوە.
لە كۆتاییدا من دەمەوێ بپرسم كە ئەگەر ئێمە لە ساڵی 70كان یا لە ساڵی 80كاندا پرسی كوردمان چارەسەر كردبایا ئایا زیاتر لە 40 هەزار هاووڵاتی توركیا گیانیان لە دەست دەدا؟ ئایا 5 هەزار گوند كاول دەكران؟ ئایا بارودۆخی توركیا بەمجۆرە دەبوو؟
سەرچاوە: وەتەن




